39 ساڵ بەسەر شەڕی چەکداری نێوان پەکەکە و تورکیا تێدەپەرێت

ژمارەیەک ئەندامی پەکەکە
ژمارەیەک ئەندامی پەکەکە

K24 - هەولێر

39 ساڵ بەسەر شەڕی چەکداری نێوان پەکەکە و سوپای تورکیا تێدەپەڕێت، شەڕەکە لە ساڵی 1984 دەستیپێکرد و تا ئێستا بەهۆیەوە، لانیکەم 80 هەزار کەس لە هەردوولا کوژراون و دەیان هەزار کەسی دیکەش بریندرابوون.

هەرچەند شەڕی چەکداری پەکەکە درێژە بکێشێت لەگەڵ حکومەتی تورکیا، ئەو بۆچوونەی کە پێیوایە کێشەی کورد لە باکووری کوردستان بەم پڕۆسە چەکدارییە چارەسەرنابێت، زیاتر و زیاتر لەنێو کۆمەڵگە و سیاسەتی کوردیدا پەرەدەسەنێت و زۆرینەی لایەنەکان پێیانوایە، پەکەکە بەم شەڕە چەکدارایییە ناتوانێت هەرگیز کێشەی کورد لە باکووری کوردستان چارەسەر بکات.

ئەم بۆچوونە لە نێو بەرپرسانی باڵای هەدەپەشدا جێگەی بووەتەوە، کە پارتێکی گەورەی باکووری کوردستان و تورکیایە. لەم دواییانەدا، سەڵاحەدین دەمیرتاش، هاوسەرۆکی پێشووی زیندانیکراوی هەدەپە، لە پەیامێکدا داوای دانانی چەکی لە پەکەکە کرد و هیوای خواست پەکەکە لەگەڵ حکومەتی تورکیا دەست بە گفتوگۆی ئاشتیانە بکات.

ئێرۆل کاتیرجئۆغڵو، پەرلەمانتاری پێشووی هەدەپە و ئابووریناسێکی ناسراوی تورکیا، رایدەگەیەنێت، چارەسەرنەکردنی کێشەی کورد و شەڕەکەی نێوان پەکەکە و سوپای تورکیا، زیانی ترلیۆن دۆلاری بە ئابووری تورکیا گەیاندووە و "پێویستە پەکەکە دەستبەرداری چەک بێت و حکومەتی تورکیا پرسی کورد چارەسەر بکات".

ئێرۆل کاتیرجئۆغڵو لەبارەی زیانە ئابوورییەکانی شەڕی پەکەکە ئاماژەی بەوە کرد: "دەگوترێت زیانە ئابوورییەکانی شەڕەکە (شەڕی پەکەکە و حکومەتی تورکیا) لە سێ تریلیۆن دۆلار بۆ 40 تریلیۆن دۆلارە، ئەم قەیرانە ئابوورییەی کە ئێمە تێیداین، بەشێکە لە قەیرانی سیاسی. زۆر روونە ئەگەر تورکیا بتوانێت پرسی کورد چارەسەر بکات، کێشە ئابوورییەکانیشی چارەسەر دەبن. پێویستە پەکەکە شەڕی چەکداری رابگرێت و ناتوانێت لە رێگەی چەکەوە هیچ شتێک بەدەست بهێنێت. پێویستە پەکەکە زەمینەسازی بۆ سیاسەتی مەدەنی خۆش بکات و سیاسەتمەداران پشتیوانی لە پێدانی مافەکانی کورد بکەن. هاوکات پێویستە حکومەتی تورکیا مافی نزیکەی 30 ملیۆن کورد بدات".

لە ساڵی 1984ـەوە تا ئێستا نزیکەی 80 هەزار کەس لە هەردوولا (چەکدارانی پەکەکە و سوپای تورکیا) گیانیان لەدەستداوە و بەشێکیشیان بریندار بوون. ئەم ئامارانە لە دەزگا فەرمی و نێودەوڵەتییەکان و لە لێدوانی بەرپرسانی پەکەکە وەرگیراون.

دوران کالکان، ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەری پەکەکە هەفتەی رابردوو بۆ کەناڵێکی نزیک لە حزبەکەی رایگەیاند، ژمارەی ئەو ئەندامانەی پەکەکە کە لە ساڵی 1984ـەوە تا ئێستا گیانیان لەدەستداوە، گەیشتووەتە 50 هەزار کەس.

لەلایەکی دیکەوە و بەپێی ئاماری ئاژانسی ئانادۆڵی تورکیا، وەزارەتی بەرگریی ئەو وڵاتە و گرووپی قەیرانی نێودەوڵەتی ورێکخراوەکانی مافی مرۆڤ، نزیکەی 10 هەزار ئەندامی هێزە ئەمنییەکانی تورکیا و 15 هەزار هاوڵاتی مەدەنی کە زۆربەیان کوردن، لە شەڕی 39 ساڵەدا گیانیان لەدەستداوە. هەروەها چوار هەزار گوند وێران بوون و نزیکەی ملیۆنێک کەس لە گوندەکانیان ئاوارە بوون.

شەڕی پەكەكە و توركیا لە ناوچە سنوورییەكانی ھەرێمی كوردستان تادێت زیاتر كاریگەرییەكانی لەسەر ژیانی ھاووڵاتیانی ھەرێمی كوردستان دەردەكەون، بەهۆی ئەو شەڕەوە نزیکەی 800 گوند و چەندین ناوچەی گەشتیاری لە سنووری هەرێمی کوردستان خاپوور و چۆڵکراون، کە زۆرینەیان دەکەونە سنووری پارێزگای دهۆک، ئەوەش زیانێکی زۆری بە کەرتی گەشتیاری و کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان گەیاندووە.

چەندین ساڵ دەبێت بەسوودوەرگرتن لـە ئەزموونی ھەرێمی كوردستان، پەكەكە ناوچە سنوورییەكانی باشووری كوردستانی كردووەتە شوێنی ململانێكانی خۆی، بەمەش نائارامی و پشێویی دروستكردووە و بە سەدان گوند چۆڵكراون، جگە لەوەی كە زیانێكی زۆری گیانی و ماددی بەر هاووڵاتییانی سڤیل كەوتووە.