دەروازەی ئیبراهیم خەلیل میکانیزمێکی نوێ بۆ چوونی گەشتیاران جێبەجێدەکات

دەروزاەی ئیبراهیم خەلیل
دەروزاەی ئیبراهیم خەلیل

K24 - هەولێر

دەروازەی ئیبراهیم خەلیل میکانیزمێکی نوێ بۆ چوونی گەشتیاران بۆ وڵاتی تورکیا جێبەجێدەکات و گوتەبێژەکەیشی ئاماژە بەوە دەدات، جێبەجێکردنی میکانیزمە نوێیەکە ئەنجامی چەندین کۆبوونەوەی نێوان لایەنە پەیوەندیدارەکانی تورکیا و هەرێمی کوردستان بووە.  

ئەمڕۆ سێشەممە 15ـی ئابی 2023، کامی کامل عەلی، گوتەبێژی دەروازی نێودەوڵەتیی سنووری ئیبراهیم خەلیل بە کوردستان24ـی راگەیاند، "بەڕێوەبەرایەتی دەروازەی ئیبراهیم خەلیل، بە مەبەستی نەهێشتنی قەرەباڵغی، میکانیزمێکی نوێ بۆ چوونی گەشتیاران بۆ وڵاتی تورکیا جێبەجێدەکات".

بە گوتەی، گوتەبێژی دەروازی نێودەوڵەتیی ئیبراهیم خەلیل، بەگوێرەی میکانیزمە نوێیەکە، دوو رێگەی نوێ بۆ چوونی گەشتیاران بۆ وڵاتی تورکیا دەکرێنەوە و نۆرەی ئەو گەشتیارانەی لە ماوەی 15 رۆژدا سەردانی تورکیایان نەکردبێت، جیاواز دەبێت لەگەڵ ئەو گەشتیارانەی رۆژانە هاتووچۆی ئەو وڵاتە دەکەن بۆ هەر مەبەستێک بێت.

وەکو ئەوەی کامی کامل عەلی باسی کرد، جێبەجێکردنی ئەم میکانیزمە نوێیە، ئەنجامی چەندین کۆبوونەوەی نێوان لایەنە پەیوەندیدارەکانی هەردوو حکومەتی هەرێمی کوردستان و تورکیا بووە و "لایەنی تورکیش ئامادەیی خۆیان" بۆ جێبەجێکردنی میکانیزمە نوێیەکە دەربڕیوە.

ئەمە لە کاتێکدایە رۆژی چوارشه‌ممه‌ 9ـی ئابی 2023، شاندێكی پارێزگای شرناخی باکووری باكووری كوردستان سه‌ردانی ئیداره‌ی سه‌ربه‌خۆی زاخۆی كرد. عوسمان بیلگین، پارێزگای شرناخ لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی هاوبەشدا لەگەڵ گوهدار شێخۆ، سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ رایگەیاند، به‌رنامه‌یه‌كی جددیان بۆ چاره‌سه‌ركردنی گرفته‌كانی به‌رده‌م هاتووچۆی گەشتیاران له‌ ده‌روازه‌ی نێودەوڵەتی ئیبراهیم خه‌لیل ده‌بێت بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و قه‌ره‌باڵغییه‌ی له‌و ده‌روازه‌یە هه‌یه‌ کەمبکرێتەوە.

پارێزگاری شرناخ ئاماژەی بەوەش کرد، "ده‌بێت ئاسانکاری بۆ هاتووچۆی ئه‌و كه‌سانه‌ بکرێت كه‌ به ‌مه‌به‌ستی نه‌خۆشی یان گه‌شتیاری یان هه‌ر بوارێكی دیكه‌ سه‌ردانی توركیا ده‌كه‌ن بەروارد بەو كه‌سانه‌ی بۆ كاری بازرگانی له‌ رێگه‌ی ده‌روازه‌كه‌وه‌ سه‌ردانی توركیا ده‌كه‌ن".

رۆژی سێشەممە 11ـی شوباتی 2023، دەروازی نێودەوڵەتیی ئیبراهیم خەلیل لە راگەیەندراوێکدا رایگەیاند: "بەهۆی ئەو بوومەلەرزەی کە 6ـی شوبات لە تورکیا و باکووری کوردستان روویدا، کارگەیەکی زۆری بەرهەمهێنان لەو وڵاتە وەستاون و رێگەوبانەکانیش تێکچوون و هەروەها ناجێگریی بەهای دیناریش بووەتە هۆکاری ئەوەی 70٪ بۆ 80% ئاڵوگۆڕی بازرگانی لە دەروازەی ئیبراهیم خەلیل کەم ببێتەوە".

ئاڵوگۆڕی بازرگانیی نێوان عێراق و ھەرێمی کوردستان لەگەڵ تورکیا گەیشتە سەرووی 20 ملیار دۆلار و ئامانجی نوێی تورکیا و عێراق ئەوەیە کە قەبارەی ئاڵوگۆڕەکە بگەیێننە 50 ملیار دۆلار.

بەگوێرەی ئامارێکی یەکێتیی هاوردە و ناردنکارانی هەرێمی کوردستان، ساڵی رابردوو، نزیکەی پێنج هەزار و 204 مۆڵەتی هاوردەکردن دراوەتە بازرگانان و بە بەهای زیاتر لە 15 ملیار و 400 ملیۆن دۆلار کاڵا هاوردە کراوە.

دەروازەی نێودەوڵەتیی ئیبراهیم خەلیل لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە بەڕێوەدەبرێت و بە سەرەکیترین دەروازەی نێوان هەرێمی کوردستان و تورکیا دادەنرێت. دەروازەکە جگە لە هەرێمی کوردستان بۆ زۆرینەی پارێزگاکانی دیکەی عێراق کەلوپەلی جۆراوجۆری لێوە هاوردە دەکرێت.