دوای سێ رۆژ بێسەروشوێن بوونی هاووڵاتییەک لە کەرکووک ئەمڕۆ تەرمەکەی دۆزرایەوە

K24 – کەرکووک

لە کەرکووک هاووڵاتییەک دوای سێ رۆژ بێسەروشوێن بوونی، ئەمڕۆ تەرمەکەی دۆزرایەوە.

پەیامنێری کوردستان24 لە کەرکووک رایگەیاند، هاووڵاتییەک بە ناوی حەسەن جاسم تەمەن 44 ساڵ، سێ ڕۆژ بەر لە ئێستا لە ماڵ چووەتە دەرەوە و نەگەڕاوەتەوە، دوای سۆراغی کەسوکاری و هێزەئەمنییەکان، ئەمڕۆ تەرمەکەی لە رێگەی لەیلان دۆزرایەوە.

 سەرچاوەیەکیش لە پۆلیسی کەرکووک، وێڕای پشتڕاستکردنەوەی هەواڵەکە بۆ کوردستان24، ئاشکرای کرد، کوژراوەکە بە رەگەز عەرەبە و ماڵی لە گەڕەکی نەسری کەرکووکە و فەرمانبەری بەڕێوەبەرایەتی ئاوی کەرکووکە، دوێنێ ئۆتۆمبێلەکەی لە جۆری (کڕۆلا – تاکسی) بووە دۆزرایەوە و ئەمڕۆش تەرمەکەی لە رێگەی پشتێنەی کەرکووک نزیک شارەدێی لەیلان دۆزرایەوە و لێکۆڵینەوەش لە رووداوەکە دەستیپێکردووە".