2.8 ملیۆن هاووڵاتی لە نێوان پارێزگاکانی تورکیا کۆچیان کردووە

شەقامێکی ئیستانبوڵ - وێنە: AFP
شەقامێکی ئیستانبوڵ - وێنە: AFP

K24 - ئەنقەرە:

ساڵی رابردوو دوو ملیۆن و 791 هەزار و 156 کەس لە نێوان پارێزگاکانی تورکیا کۆچیانکردوە بۆ شارەکانی دیکە.

بەپێی ئەو راپۆرتەی کە رۆژی دووشەممە 14ی ئابی ساڵی 2023 لەلایەن رێکخراوی ئاماری تورکیاوە بڵاوکراوەتەوە، زۆرترین ژمارەی کۆچی ناوخۆیی لە تورکیا بە 644 هەزار کەس لە گرووپی تەمەنی 20 بۆ 24ساڵ بووە؛ لەم گرووپە تەمەنییەدا پەروەردە باوترین هۆکاری کۆچکردنە.

ئیستانبوڵ یەکێک لەو شارانەییە کە زۆرترین هاووڵاتی بە جێیان هێشتووە بە پێچەوانەشەوە زۆرترین هاووڵاتیش روویان تێکردوە.

لە دابەشکردنی دانیشتوانی کۆچبەرانی ناوخۆی تورکیا لە نێوان پارێزگاکانی ئەو وڵاتەدا، ئیستانبوڵ وەک ئەو پارێزگایە دەستنیشانکرا کە زۆرترین کۆچبەری وەرگرتووە بە 385 هەزار و 294 کەس. لە دوای ئەویش ئەنقەرە بە 189 هەزار و 104 کەس و ئزمیر بە 132 هەزار و 426 کەس لە پلەی سێیەمدایە.

ئەو پارێزگایانەی کەمترین کۆچیان وەرگرتووە بریتین لە ئەردەهان کە پێنج هەزار و 391 کەس و بایبورت حەوت هەزار و 31 کەس و کلیس بە هەشت هەزار و هەشت کەس بووە.

بەگوێرەی ئەم راپۆرتە، گرنگترین هۆکارەکانی کۆچکردنی خەڵکی تورکیا لە شارێکەوە بۆ شاریکی دیکە بریتین لە "پرسی ئەندامێکی خێزان"، دەستپێکردنی کار یان دۆزینەوەی کار، گۆڕینی کار، "کڕینی خانوو" و "هاوسەرگیری یان جیابوونەوە".