فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمەریکا: هێرش نەکراوەتە سەر بارەگەکانمان لە رۆژئاوای کوردستان

لۆگۆی فەرماندەیی ناوەندی هێزەکانی ئەمەریکا
لۆگۆی فەرماندەیی ناوەندی هێزەکانی ئەمەریکا

K24 - هەولێر

فەرماندەیی ناوەندی هێزەکانی ئەمریکا بە کوردستان24ـی راگەیاند، هیچ هێرشێک نەکراوەتە سەر بارەگاکانیان لەناوچەکانی شەدادی رۆژئاوای کوردستان و دێرەزووری سووریا.

ئەمڕۆ سێشەممە 15ـی ئابی 2023، فەرماندەیی ناوەندی هێزەکانی ئەمریکا لە وەڵامی پرسیارێکی کوردستان24 لەبارەی ئەگەری هێرشی سەربازیی و تەقینەوە لە بارەگاکانیان لە ناوچەی شەدادی پارێزگای حەسەکەی رۆژئاوای کوردستان و کێڵگەی کۆنیکۆ لەسنووری پارێزگای دێرەزووی سووریا، رایگەیاند، نە هێرشی مووشەکی و نە تەقینەوە لە بنکەکانیان رووینەداوە لە رۆژی 12 ی ئەم مانگە.

ئەمە لەکاتێکدایە، رۆژی شەممە 12ی ئابی 2023، دەنگۆی هێرش لەرێگەی مووشەکەوە بۆ سەر بنکە سەربازییەکانی ئەمەریکا لە پارێزگای دێرەزووی سوریا بڵاوببووەوە.

لە ماوەی رابردوودا، رۆژنامەی "ئەلوەتەن"ی سووری بڵاویکردەوە، ئەمەریکا کاروانێکی سەربازی نوێ لە رێگەی دەروازەی نایاسایی ئەلوەلیدەوە بردووەتە ناو خاکی سووریا. ئاماژەی بەوەشکردبوو، "کاروانەکە 20 ئۆتۆمبێلی بارهەڵگری لەخۆگرتووە، کە کەرەستەی لۆجستی و سندوقی داخراو و بلۆکی چیمەنتۆیان هەڵگرتووە، دواتر بەرەو بنکەکانیان لە لادێکانی حەسەکە رۆیشتوون".

رۆژنامەکە جەختی لەوەکردەوە، "ئەمەریکا بەردەوامە لە بەهێزکردنی پێگەکانی لە رۆژهەڵاتی سووریا، بە هێنانی کەرەستەی سەربازیی زیاتر، هەروەها ژمارەی سەبازەکانیشی بۆ هەزار و 500 سەرباز لە سووریا زیاد کردووە".

لەلایەکی دیکەوە و به‌گوێره‌ی لێدوانەکانی به‌رپرسانی سه‌ربازیی ئه‌مه‌ریكا، نزیكه‌ی 900 سه‌ربازی وڵاته‌كه‌یان له‌ سووریا هه‌ن، له‌و ژماره‌یه‌ش نزیكه‌ی 200 كه‌س له‌ بنكه‌ی ته‌نه‌فی سه‌ربازین، وه‌ك به‌شێك له‌ هه‌ڵمه‌تی ئه‌مه‌ریكی بۆ مه‌شقپێكردنی هێزه‌كانی سووریا و ئاماده‌كردنیان بۆ رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی داعش.