شێف بوراک و باوکی لەسەر دەستی کوردێک ئاشتبوونەوە

K24 – هەولێر:

دوای ئەوەی بوراك ئۆزدەمیر، شێفی بەناوبانگی توركی و خاوەنی زنجیرە رێستۆرانتەكانی "CZN Burak" نێوانی لەگەڵ باوكی تێكچوو و لە ئێستادا لەسەر دەستی رزگار حەسەن تەیب  ئاشتكرانەوە.

ئەمڕۆ سێشەممە (15ـی ئابی 2023)، میدیا تورکییەکان بڵاویانکردەوە، شێف بوراک و باوکی لەسەر دەستی رزگار حەسەن، بارزگانێکی کوردی خەڵکی زاخۆ ئاشتبوونەوە.

رزگار حەسەن تەیب بازرگانێكی كوردی خەڵكی زاخۆیە، هاوڕێیەتی لەگەڵ بوراك و باوكی هەیە، لەگەڵ دروستبوونی كێشەكەی نێوان بوراك و باوكی هەوڵی چاسەركردنیدا، لە ئێستادا بوراك و باوكی ئاشتكردنەوە.

ئەمەش لە کاتێکدایە، بوراک ئۆزدەمیر، شێفی بەناوبانگی تورکی و خاوەنی زنجیرە رێستۆرانتەکانی CZN Burak ، بەتۆمەتی فێڵکردن لێی سکاڵای یاسایی لەسەر باوکی تۆمار کرد.

شێف بوراک لە گرتە ڤیدیۆیەکدا بە هەوادارەکانی راگەیاند، بەتۆمەتی فێڵکردن لێی لەسەر بابەتی خاوەندارێتی رێستۆرانتە بەناوبانگەکانی، سکاڵای یاسایی لەسەر باوکی تۆمار دەکات.

لە گرتە ڤیدیۆیەکی دیکەدا کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوبووەتەوە، دەڵێت: من لە ئیستانبوڵ هیچم نەماوە، با هیچ کەسێک ناو و وێنەی من بەکارنەهێنێت، لەکاتێکی نزیکدا هەموو شتێک ئاشکرا دەکەم.

ناکۆکی نێوان بوراک و باوکی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە، کە باوکی بەبێ ئاگاداری بوراک، مافی خاوەندارێتی رێستۆرانەکانی بە سەرمایەدارێکی بیانی فرۆشتووە.