ئاوات جەناب نووری و جێگری کونسوڵی گشتی ئەمریکا لە هەولێر جێبه‌جێكردنی یاسای بوودجه‌ی عێراق تاووتوێ ده‌كه‌ن

ئاوات جەناب نووری، وەزیری دارایی و ئابووری حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و زەهرا بێل، جێگری کونسوڵی گشتی ئه‌مه‌ریكا له‌ هه‌ولێر
ئاوات جەناب نووری، وەزیری دارایی و ئابووری حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و زەهرا بێل، جێگری کونسوڵی گشتی ئه‌مه‌ریكا له‌ هه‌ولێر

K24 - هەولێر:

وەزیری دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستان رایدەگەیەنێت، حکومەتی هەرێمی كوردستان هەموو پابەندییەکانی خۆی لە یاسای بودجەی عێراق جێبەجێ کردووە، هاوكات جێگری کونسوڵی ئەمریکا داوا دەکات هەرێم و بەغداد بە تەواوی پابەندی جێبەجێکردنی یاسای بودجە بن.

ئه‌مڕۆ (سێشه‌ممه‌ 15ـی ئابی 2023) ئاوات جەناب نووری، وەزیری دارایی و ئابووری حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌میانی پێشوازیكردنی له‌ زەهرا بێل، جێگری کونسوڵی گشتی ئه‌مه‌ریكا له‌ هه‌ولێر،  دووپاتیكرده‌وه‌ هەرێمی کوردستان هەموو پابەندیەکانی خۆی لە یاسای بوودجەی فیدڕاڵی جێبەجێ کردووە.

هه‌روه‌ها وەزیری دارایی و ئابووری حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، تیشکی خستەسه‌ر دوایین هەنگاوەکانی جێبەجێکردنی یاسای بوودجەی گشتی عێراق و ڕایگەیاند، لەگەڵ وەزارەتی دارایی عێراق و دیوانی چاودێری دارایی عێراق لە هەماهەنگی بەردەوامدان و لەماوەی ڕابردوودا هەرێمی کوردستان هەموو ئەو داواکارییانەی جێبەجێکردووە، کە لە یاساکەدا هاتووە. گوایشی، تیمە هونەرییەکانی هەردوولا بەبەردەوامی له‌په‌یوه‌ندیدان بۆ هەماهەنگی و ڕەخساندنی کەشێکی گونجاو تا هیچ ئاستەنگێک لەبەردەم جێبەجێکردنی یاسای بوودجە نەمێنێت و بەغداد هیچ بیانوویەکی نەبێت بۆ نەناردنی شایستە داراییەکانی هەرێمی كوردستان.

له‌لای خۆیه‌وه‌ جێگری کونسوڵی گشتی ئەمریکا لە هەولێر پشتیوانی وڵاتەکەی بۆ دەستەبەرکردنی مافە یاسایی و دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان دوپات کردەوە و هیوای خواست حکومەتی هەرێمی كوردستان و حکومەتی فیدڕاڵی پابەند بن بەجێبەجێکردنی یاسای بوودجە و ئەرکەکانیان بەرامبەر یه‌كدی جێبەجێ بکەن.