پارتی گەلی تورکمانی عێراق پیرۆزبایی لە پارتی دیموکراتی کوردستان دەکات

K24 – هەولێر:

بەبۆنەی 77ـمین ساڵیادی دامەزراندنی پارتی دیموکراتی کوردستان، پارتی گەلی تورکمانی عێراق پیرۆزبایی لەو حزبە دەکات و ئاماژە بەوەدەکات، "بەچاوێکی رێز و بەرزەوە دەڕوانینە ئەم یادە و بۆ تورکمانەکانیش مایەی سەربەرزی و پیرۆزییە".

ئەمڕۆ (15ـی ئابی 2023)، پارتی گەلی تورکمانی عێراق پەیامێکی بڵاوکردەوە کە تێیدا هاتووە، لە یادی 77ـمین ساڵیادی دامەزراندی پارتی دیموکراتی کوردستان "لە قوڵای دڵمانەوە جوانترین پیرۆزباییتان پێشکەش دەکەین، بە تایبەتی بۆ رێزدار جەنابی سەرۆک بارزانی، کە لەم بارودۆخەی ئێستای کوردستان و ژیانی سیاسی ناوچەکە رۆڵێکی گرنگ و گەورە دەگێڕێت، پیشەوا و هەڵگری مەشخەڵی ئازادیی و ئارامییە لە کوردستان و هەموو دەڤەرەکە".

لە پەیامەکەدا باس لەوەشکراوە، "ئێمە وەک پارتی گەلی تورکمانی بە چاوێکی رێز و بەرزەوە دەڕوانینە ئەم یادە و بۆ ئێمەی تورکمانیش بە گشتی مایەی سەربەرزی و پیرۆزییە، چونکە پارتی دیموکراتی کوردستان شۆڕشێکی بەرپاکرد هەموو پێکهاتەکانیش تێیدا بەشداربوون، مێژووش گەواهی ئەو راستییە دەدات کە پارتەکەتان ئاڵای شۆڕشی هەڵکرد و پێشەنگی خەباتی کوردستانی بووە و کاروانی خەباتی کوردایەتی بە هەموو جیهان ناساند، تا گەیشتە بەرزترین ئاست تییدا و بەرهەمەکەی ئەم حکومەتی هەرێمەیە، کە هەموو ئایین و ئایینزاکانەوە تێیدا سەربەرز و پارێزراو بوون، هەمیشە سەربەرز و شکۆمەندبێت یادی پارتی دیموکراتی کوردستان".