سیستمی نوێی پاسپۆرتی ئەلیکترۆنی نیگەرانی هاووڵاتییانی لێدەکەوێتەوە

K24 - سلێمانی:

دوای ئەوەى مانگى رابردوو سیستمى نوێى پاسپۆرتى ئەلکترۆنى لە هەرێمى کوردستان کەوتە کار بەڵام کارکردن بە سیستمەکە بێ کێشە نییە و چەند گرفتێکى لە پاسپۆرتى سلێمانى بۆ دروست بووە، بۆیە بەڕێوەبەرى پاسپۆرتى سلێمانى ئاشکرایدەکات، داوایان لە وەزارەتى ناوخۆى عێراق کردووە کە کێشەکان چارەسەر بکات.

بە بڕیارى وەزارەتى ناوخۆى عێراق لە مانگى ڕابردووەوە  بۆ دەرهێنان و نویکردنەوەى پاسۆرت کار بە سیستمى پاسپۆرتى ئەلکترۆنى دەکرێت سیستمەکە لاى هاووڵاتییان وەک پێویست روون نییە و دەبێت لەڕێگاى وەرگرتنى وادەیەک بێت ئەو کات سەردانى بەرێوەبەرایەتیەکە بکەن، کە ئەو وادەیەش تەنیا رۆژانى پێنجشەممان بۆ ماوەى یەک کاتژمێر لە بەغداوە کارا دەکرێت بۆ کارمەندانى پاسپۆرتیش چەند گرفتێک دروستبووە .

بەرێوەبەرى پاسپۆرتى سلێمانى، تایبەت بە کوردستان24ـی راگەیاند،  ئەم سیستمە ئەفسەرەکە شەش ئامێری لە پێشدایە دەبێ کار بەو شەش ئامێرە بکات، پێشتر بەدوو ئامێر کارى دەکرد ئەویش کامێراو پەنجە مۆرەکە بوو، ئێستا بۆیە کاتى زیاترى دەوێت هەروەها ئەگەر یەکێک لەو ئامێرانە وەستا پێنج ئامێرەکەی دیکە کار ناکات.

هەروەها راشیگەیاند، "کێشەکە لەوە سەرچاوە دەگرێت لەوەى ئامێری یەدەگ لە کوردستان نییە، تەنیا دەبێت داوا لە وەزارەتی ناوخۆی عێراق بکەین لە فەرەنساوە بۆمانی دابین بکات".

وردەکارى کارەکان وایکردووە جیاواز لە رابردوو هاووڵاتییان چەند کاتژمێرێک چاوەڕێ بکەن، چونکە لە رابردوودا 20 کارمەند کاریان دەکرد بەڵام ئێستا تەنیا  حەوت کارمەند کاردەکەن، ئەمە جگە لەوەى نرخى ئێستاى پاسپۆرت بۆ سێ هێندە بەرز بووتەوە.

لەمبارەیەوە، هاووڵاتییەک بە ناوی سۆنیا رزگار، بۆ کوردستان24 گوتی: "قەرەباڵخیەکى زۆرى دروست کردووە، واتا دەبێ زیاتر بکرێ بە ئەلیکترۆنى، ئەو هەموو قەرەباڵخیە لە هیچ شوێنێ لە هیچ ووڵاتێ وانیە".

هاووڵاتییەکی دیکە بە ناوی غەریب مەحمود، رایگەیاند، "جیاوازییەکە ئەوەیە پێویستى بە کاتى زۆرە، بۆ نموونە من دوو هەفتەیە خەریکم ئەم پێنجشەمەیە توانیم نۆرە وەربگرم بەس جاران وانەبوو".

سیستمى نوێى پاسپۆرت لایەنى باش و خراپى هەیە لایەنە باشەکەى ئەوەیە لە رووى کوالێتیەوە پاسپۆرتەکە پێشکەوتووە بەڵام لایەنى خراپى ئەوەیە لەچاو سیستمەکەى رابردوو کاتێکى زیاترى دەوێت بەرێوەبەرایەتى پاسپۆرت ئێستا رۆژانە دەتوانێت تەنها مامەڵەى 200کەس تەواو بکات، بەڵام لە رابردوودا رۆژانە نزیکەى هەزار مامەڵە بەرێدەکرا.