پڕۆژە خزمەتگوازرییەکان لە ئاکرێ بەردەوامە

K24 – ئاکرێ:

لەناو سەنتەری قەزای ئاکرێ بە گووژمەی سێ ملیار دیناری عێراق لەسەر بودجەی پارێزگای دهۆک دەست بە قیڕکردنی شەقام و کۆڵانەکان کرا، شارەوانی ئاکرێش رادەگەیەنێت، پڕۆژەی قیڕتاوکردن بەردەوام دەبێت تا ئەو کاتەی سەرجەم شەقام و کۆڵانەکان قیرتاو دەکرێن.

جەعفەر هەرکی، موختاری گەڕەکێکی قەزای ئاکرێ تایبەت بە کوردستان24ـی راگەیاند، شەقامەکانی ئێمە لە پێشوودا زۆر ناخۆش بوو، سوپاس بۆ خوا حکومەتی هەرێمی کوردستان و شارەوانی ئاکرێ هیچ کەمتەرخەمییەکیان نییە، ئەمساڵ زۆر پڕۆژەی خزمەتگوزاری جێبەجێ کراون.

لەلایکی دیکە، کەمال دینو، هاووڵاتی دانیشتووی قەزای ئاکرێ بۆ کوردستان24 گوتی: لە پێشوودا شەقامەکان بەو شێوەیە رێک نەبوون، پڕ بوون لە چاڵ و قوڕ، ئۆتۆمبێل نەیدەتوانی بەسەر هەموو شەقامەکاندا بڕوات، بەڵام سوپاس بۆ خوا لە ئیستادا شەقامەکە زۆر جوان رێکخراوە.

لەلایەن خۆیەوە، زێرەڤان تەمو، گوتەبێژی شارەوانی ئاکرێ، ئاماژەی بەوەدا، شارەوانی ئاکرێ هەموو ئەو شەقامانە دیاری دەکات کە پێویستی بە خزمەتگوزاری هەیە و سەرجەمیان قیرتاو دەکات، هەروەها پڕۆژەی قیرتاوکردنی شەقامەکانی قەزاکە بەردەوام دەبێت.

ئەم پڕۆژەی قیرتاوکردنە بە گووژمەی سێ ملیار دیناری عێراقی لەسەر بودجەی پارێزگای دهۆک ئەنجامدراوە ، هەروەها لە دەستپێکدا حەوت گەڕەک قیرتاوکراون.