غه‌فوور مه‌خمووری په‌یامێكی پیرۆزبایی ئاراسته‌ی سه‌رۆك بارزانی ده‌كات

غه‌فوور مه‌خمووری په‌یامی پیرۆزبایی ئاراسته‌ی سه‌رۆك بارزانی ده‌كات
غه‌فوور مه‌خمووری په‌یامی پیرۆزبایی ئاراسته‌ی سه‌رۆك بارزانی ده‌كات

K24 - هەولێر:

سکرتێرى گشتیى یەکێتى نەتەوەیى دیموکراتى کوردستان (YNDK) به‌بۆنه‌ی 77ـمین ساڵیادی دامه‌زراندنی پارتی دیموكراتی كوردستان، پیرۆزبایی ئاراسته‌ی سه‌رۆك بارزانی ده‌كات و هاوكات پێشنیازی پێکهێنانى (ئەنجوومەنى باڵاى سیاسیى کوردستان)ـیش، دەکات.

ئه‌مڕۆ (سێشه‌ممه‌ 15ـی ئابی 2023) غەفوور مەخموورى سکرتێرى گشتیى یەکێتى نەتەوەیى دیموکراتى کوردستان YNDK په‌یامێكی به‌ بۆنه‌ی 77ـمین ساڵیادی دامه‌زراندنی پارتی دیموكراتی كوردستان ئاراسته‌ی سه‌رۆك بارزانی كردووه‌ و تێیدا ئاماژەی بە خەبات و تێکۆشانى پارتى دیموکراتى کوردستان و رۆڵى کاریگەرانەى سەرۆک بارزانى بۆ رێکخستنەوەى نێوماڵى کورد كردووه‌، هه‌ر له‌و پێناوه‌شدا پێشنیازی پێکهێنانى (ئەنجوومەنى باڵاى سیاسیى کوردستان)ـی كردووه‌.

ئه‌مه‌ی خواره‌وه‌ ده‌قی په‌یامه‌كه‌ی سکرتێرى گشتیى یەکێتى نەتەوەیى دیموکراتى کوردستانه‌:

 برای بەڕێزمان جەنابی سەرۆک مەسعود بارزانی رێبەری بزاڤی رزگاریخوازی نیشتمانی كوردستان

 سڵاوێكی برایانەی گەرم ...

 بەناوی خۆمان و مەكتەبی سیاسی و كۆمیتەی سەركردایەتیی یەكێتی نەتەوەیی دیموكراتی كوردستان YNDK، بەبۆنەی رۆژی لەدایكبوونی جەنابتان و 77 حەفتا و حەفتەمین ساڵیادی دامەزراندنی پارتی دیموكراتی كوردستان، جوانترین و گەرمترین پیرۆزبایی ئاراستەی جەنابتان و بەڕێزان لە مەكتەبی سیاسی و ئەنجوومەنی سەركردایەتی و تەواوی كادرو ئەندامان و جەماوەری پارتى دیموکراتى کوردستان دەكەین و هیوای تەمەن درێژى و بەردەوامی و پێشڤەچوون و سەركەوتنی زیاترتان بۆ دەخوازین.

 بێگومان؛ پارتى دیموکراتى کوردستان لە رۆژى دامەزراندنییەوە تا ئەمڕۆ پێشەنگایەتیى بزاڤى رزگاریخوازى نیشتمانى کوردستانى کردووە و هەمیشە هەوڵی داوە تەبایى و یەکڕیزى و یەکدەنگى نێوان هێزە سیاسییەکان و پێکهاتەکانى گەلى کوردستان بپارێزێت و هەڵگرى ئاڵاى پێکەوەژیان بووە، رێبەرى شۆڕشى گەلى کوردستان (مستەفا بارزانى نەمر) لە شۆڕشى ئەیلوولى نیشتمانیدا هەمیشە چەترى هاوبەشى هێزە کوردستانییەکان و کەسانى وڵاتپارێزو تێکۆشەرانى کوردستان بووە، بەردەوام هەوڵیدەدا ناوماڵى کوردستان رێک و یەک بێت.

 ئێستایش لەكاتێكدا كە یادی دامەزراندنی (پارتى دیموکراتى کوردستان) دەكەینەوە كوردستان و ناوچەكە لە رەوشێكی زۆر ناسك و هەستیاردان و هەموو رۆژهەڵاتی ناڤین لەبەردەم كۆمەڵێك‌ ئەگەر و پێشهات و گۆڕانكاری مەزندان، بۆ خۆئامادەكردن بۆ ئەم رەوشە پێویستیمان بە رێكخستنەوە و یەکخستنەوەی ناوەندی سیاسی كوردستان و یەكڕیزی و یەكدەنگی هەموو لایەنە سیاسییەكان و تەواوی پێكهاتەكانی گەلی كوردستانە. جەنابتان کە درێژەپێدەرى رێبازى (بارزانى نەمر)ـن وەك هەمیشە دەتوانن رۆڵێكی كاریگەر و مەزن ببینن بۆ کۆکردنەوەى تەواوى هێزو لایەنە سیاسییەکان و رێکخستنەوەى ناوەندى سیاسیى کوردستان، بە باوەڕى ئێمە پێکهێنانى (ئەنجوومەنى باڵاى سیاسیى کوردستان) دەبێتە فاکتەرێکى بەهێز بۆ یەکڕیزى و یەکدەنگى و رێکخستنەوەى نێوماڵى کوردستان، بۆ ئەمەش جەنابتان دەتوانن رۆڵێکى کارا بگێڕن، لەم پێناوەشدا ئێمە وەكو YNDK ئامادەی هەموو جۆرە هاوكاری و پشتوانییەكین.

 لەكۆتاییدا؛ دووبارە هیوای تەمەن درێژى و تەندروستییەکى باش بۆ جەنابتان و پێشڤەچون و سەرکەوتنى زیاتر بۆ پارتى دیموکراتى کوردستان دەخوازین و، جەختدەكەینەوە سەر پتەوكردن و پێشڤەبردنی پەیوەندی هاوخەباتى و برایانەی نێوانمان لەپێناو زیاتر خزمەتكردن و پێشڤەبردنی دۆزی رەوای گەلی كوردستان و گەیشتنمان بە مافە رەواكانمان ... لەگەڵ رێزو خۆشەویستى دووبارەماندا .

 هەر بژین و سەركەوتووبن بۆ كورد و كوردستان.