لیوا حیکمەت عومەر: یەکخستنی هێزەکانی پێشمەرگە بەردەوامە

لیوا حیکمەت عومەر، بەڕێوەبەری گشتیی کاروباری تاکەکان و خۆبەخشەکان له‌ وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌
لیوا حیکمەت عومەر، بەڕێوەبەری گشتیی کاروباری تاکەکان و خۆبەخشەکان له‌ وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌

K24 – هەولێر:

بەڕێوەبەری گشتیی کاروباری تاکەکان و خۆبەخشەکان له‌ وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌، رایدەگەیەنێت، هێزەکانی هاوپەیمانان لە هاوکارییان بۆ وەزارەتی پێشمەرگە بەردەوامن، هاوکات گوتیشی: یەکخستنی هێزەکانی پێشمەرگە بەردەوامە.

لیوا حیکمەت عومەر، بەڕێوەبەری گشتیی کاروباری تاکەکان و خۆبەخشەکان له‌ وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌، لە میانەی بەشداریکردنی لە گەشتی دوا هەواڵی کاتژمێر 23ـی کوردستان24 رایگەیاند، لە دەستپێکی کابینەی نۆیەمدا هێزی پشتیوانی یەک و دوو بە تەواوی خانە سەر میلاکی وەزارەتی پێشمەرگە، هەروەها لە ئێستادا 28 لیوا لەسەر میلاکی وەزارەتی پیشمەرگەن، تەنیا دوو لیوا ماوە بخرێنە سەر میلاکی وەزارەتی پێشمەرگە ئەوانیش %90ـی کارەکانی تەواو کراون.

راشیگەیاند، یەکخستنی هێزەکانی پێشمەرگە و هاوکارییەکانی هێزەکانی هاوپەیمانان بۆ وەزارەتی پێشمەرگە بەردەوامن.

ئاماژەی بەوەشدا، %45ـی کارەکانی یەکخستەنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە تەواو بووە.

بەڕێوەبەری گشتیی کاروباری تاکەکان و خۆبەخشەکان له‌ وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌، دەڵێت: بەپێی ئەو رێکەوتنەی لە نیوان وەزارەتی پیشمەرگە و هاوپەیمانان هەیە دەبێت تا ساڵی 2026 سەرجەم هێزەکانی پێشمەرگە یەکبخرێن.

حكومەتی هەرێمی كوردستان، بە هەماهەنگی لەگەڵ هاوپەیمانان، بۆ کوردستانێکی بەهێزتر، بڕیاری یەكخستنەوە و رێكخستنەوەی هێزەكانی پێشمەرگەی لە چوارچێوەی وەزارەتی کاروباری پێشمەرگەی حكومەتی هەرێمی كوردستان دا، لە دواهەنگاویشدا و بە بڕیاری مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، سێ لیوای دیکەی نوێ دروستکران و خراونەتە سەر میلاكی وەزارەتی پێشمەرگە.

پێشتریش،جەبار یاوەر، ئەمینداری پێشووی وەزارەتی پێشمەرگەی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە میانەی بەشداریکردنی لە گەشتێکی هەواڵەکانی کوردستان24، رایگەیاندبوو، یاداشتنامەی لێکتێگەشتنی ساڵانە هەیە لەنێوان وەزارەتی پێشمەرگەی حکومەتی هەرێمی کوردستان و وەزارەتی بەرگری ئەمەریکا، هەموو ساڵێک  ئەو یاداشنامەیە نوێ دەکرێتەوە.

راشیگەیاند،  بەپێێ ئەو یاداشتنامەیە ساڵانە هاوکارییەکان لەلایەن ئەمەریکاوە پێشکەش بە هێزی پێشمەرگە دەکرێت، کە خۆی دەبینێتەوە لە هاوکاری راوێژکاری، مەشقپێکردن، چەک و تەقەمەنی، هەروەها مانگانە 20 ملیۆن دۆلار وەک مووچە دەنێرن بۆ هێزەکانی پێشمەرگە، هاوکات یەکێک لە مەرجەکانی ئەو یاداشتنامەیە دەبێت هێزەکان پێشمەرگە یەکبخرێت و پڕۆسەی ریفۆڕم جێبەجێبکرێت.