یەکێتی لە ساڵیادی دامەزراندنی پارتی: پاراستنی قەوارەی ھەرێم پێویستی بە ھەماھەنگی و گەشانەوەی شەراکەتە

لۆگۆی پارتی دیموکراتی کوردستان (راست) و لۆگۆی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان (چەپ)
لۆگۆی پارتی دیموکراتی کوردستان (راست) و لۆگۆی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان (چەپ)

K24 - هەولێر

مەکتەبی سیاسی یەکێتی لە ساڵیادی دامەزراندنی پارتی، پەیامێکی پیرۆزبایی ئاراستەی مەکتەبی سیاسی ئەو حزبە و لایەنگرانی دەکات و، دەشڵێت، "پاراستنی قەوارەی ھەرێمی کوردستان و دەستکەوتەکان پێویستی زۆری بە ھەماھەنگی و لە خۆبردوویی نەتەوەیی و گەشانەوەی شەراکەتە".

ئەمڕۆ چوارشەممە 16ـی ئابی 2023، مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بەبۆنەی 77ـەمین ساڵیادی دامەزراندنی پارتی دیموکراتی کوردستان، پەیامێکی پیرۆزبایی ئاراستەی مەکتەبی سیاسی پارتی و لایەنگرانی کرد.

یەکێتی وێرای پیرۆزباییکردنی ئەم بۆنەیە لە پارتی و لایەنگرانی، هیواش دەخوازێت "ئەم یادە دەرفەتێک بێت بۆ گەشەپێدانی پەیوەندییەکانی نێوانی ھێز و لایەنە سیاسییەکان لەم ھەلومەرجەدا کە پێویستی بە رێکخستنەوەی ئەولەویاتەکانی خەبات ھەیە بە قازانجی چاککردنی ژیان و گوزەرانی میللەتەکەمان".

مەکتەبی سیاسی یەکێتی، لە پەیامەکەیدا جەخت لەوە دەکاتەوە، "کوردستان و ئەزموونەکەی بەرھەمی خوێنی گەشی ھەزاران شەھید و قوربانییە، بۆیە پاراستنی قەوارەی ھەرێم و دەستکەوتەکان پێویستی زۆری بە ھەماھەنگی و لە خۆبردوویی نەتەوەیی و گەشانەوەی شەراکەتە".

دامەزراندنی پارتی دیموکراتی کوردستان:

لە ساڵی 1946 بە رابەرایەتی مەلا مستەفا بارزانی و بە هەوڵ و کۆششی چەند کەسایەتییەکی دیکەی دیاری باشووری کوردستان پارتی دیموکراتی کوردستان دامەزرێندرا.

لە 16ی ئابی ھەمان ساڵیش پارتی  یەکەمین کۆنگرەی رێکخست و مەلا مستەفا بارزانی وەکو سەرۆک و رێبەری ئەو حزبە هەڵبژێردرا.

لە ساڵی 1961 بەهۆی ستەمی زۆری ئەو کاتەی دەسەڵاتدارانی بەغدا و پاشگەزبوونەوەیان لە پێدانی مافەکانی گەلی کوردستان، پارتی بڕیاری هەڵگیرساندنی شۆڕشی ئەیلوولی دا، کە ئەو کات بەشێکی زۆر لە گەلانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەژێر دەستەییدا دەیانناڵاند.

کوردستانیان لەسەرەتای دەستپێکردنی شۆڕشی ئەیلوول، تاوەکو ئێستا بەمتمانەی زۆرەوە پشتیوانیان لە پارتی کردووە و لە سەرجەم ئەو هەڵبژاردنانەی لە کوردستان بەڕێوەچوون پارتی دیموکراتی کوردستان حزبی یەکەم بووە.