بۆ یەکەم جار کۆریای باکوور لەسەر سەربازە هەڵاتووەکەی ئەمەریکا هاتە دەنگ

ناوچەیەکی ئەمنی نێوان هەردوو کۆریای باکوور و باشوور
ناوچەیەکی ئەمنی نێوان هەردوو کۆریای باکوور و باشوور

K24 - هەولێر

ئاژانسی هەواڵی فەرمی کۆریای باکوور بڵاویکردەوە، پیۆنگ یانگ رایگەیاند، سەربازێکی ئەمەریکی کە لە 18ی تەمموزدا سنووری وڵاتەکەی بەزاندووە هاتۆتە کۆریای باکوور، دانی بەوەداناوە کە بە شێوەیەکی نایاسایی هاتۆتە ناو وڵاتەکەی.

ئەمڕۆ چوارشەممە، ئاژانسی KCNA کۆریای باکوور، پشتڕاستی کردەوە کە تراڤیس تی کینگ، ئامادەیی خۆی دەربڕیووە کە پەنا بۆ کۆریای باکوور یان وڵاتی سێیەم ببات.

تراڤیس کینگ لە 18ی تەمموز لەکاتی گەشتکردن بۆ ناوچەیەکی سەر سنوورخۆی گەیاندە کۆریای باکوور، ئەمەش قەیرانێکی دیپلۆماسی نوێی لە نێوان ئەمەریکا و کۆریای باکوور دروستکرد، کینگ لە مانگی یەکی ساڵی 2021 پەیوەندی بە سوپای ئەمەریکاوە کردووە لە کۆریای باشوور لە چوارچێوەی پابەندبوونی ئەمنی ئەمەریکا بەو وڵاتە.

کریستین وێرمۆت، وەزیری سوپای ئەمەریکا گوتی: هێشتا دیار نییە بۆچی کینگ سنووری بەزاندووە بەرەو کۆریای باکوور، بەڵام ئاماژەی بەوە کردووە، کە پێدەچێت نیگەران بێت لەوەی لەگەڵ گەڕانەوەی بۆ ئەمەریکا رووبەڕووی رێکاری پەروەردەیی زیاتر ببێتەوە لەلایەن سوپای ئەمەریکاوە.

وێرموت پشتڕاستی کردەوە، کە "هیچ زانیارییەکی نییە کە بیسەلمێنێت ئەو گەنجە تەمەن 23 ساڵە هاوسۆزی کۆریای باکوورە".

پاتریک رایدەر گوتەبێژی پێنتاگۆن رایگەیاند، کۆریای باکوور وەڵامێکی زۆر کورتی داوایەکی فەرماندەیی نەتەوە یەکگرتووەکان سەبارەت بە تراڤیس کینگ داوەتەوە و رەتیکردووەتەوە زانیاری ورد لەسەر ئەو سەربازە بدات.

رایدەر ئاماژەی بەوەشکرد، دەتوانم پشتڕاستی بکەمەوە کە کۆریای باکوور وەڵامی فەرماندەیی نەتەوە یەکگرتووەکانی داوەتەوە، بەڵام هیچ زانیارییەکی جەوهەریم نییە کە بتوانرێت بۆتان رابگەیەنم.