بە ئامادەبوونی مەسرور بارزانی رێوڕەسمی خەڵاتکردنی قوتابییە یەکەمەکانی کوردستان دەستیپێکرد

بە ئامادەبوونی مەسرور بارزانی رێوڕەسمی خەڵاتکردنی قوتابییە یەکەمەکانی کوردستان دەستیپێکرد
بە ئامادەبوونی مەسرور بارزانی رێوڕەسمی خەڵاتکردنی قوتابییە یەکەمەکانی کوردستان دەستیپێکرد

K24 - هەولێر

بە ئامادەبوونی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان رێوڕەسمی خەڵاتکردنی قوتابییە یەکەمەکانی کوردستان بۆ ساڵی نوێی خوێندنی 2022-2023 دەستیپێکرد.

لە رێوەڕەسمەکەدا ئالان حەمە سەعید، وەزیری پەروەدەی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە گوتارێکدا، سوپاسی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان کرد و گوتی، لە ماوەی چوار ساڵی رابردوودا پاڵپشتییەکی زۆر باشی لە بەڕێوەچوونی تاقیکردنەوە گشتییەکانی پۆلی 12ـی ئامادەیی کردووە و بەردەوام لەگەڵیاندا لەسەر هێڵ بووە.

لەبارەی بەڕێوەچوونی رێوەڕەسمی خەڵاتکردنی قوتابییە یەکەمەکانی کوردستانیش، ئالان حەمە سەعید، گوتی، مەسرور بارزانی ساڵانە داوا دەکات ئەم رێوڕەسمە بە بەشداریی قوتابییە یەکەمەکانی کەرکووکیش بەڕێوەبچێت، بۆیە تا ئەم کاتە بەڕێوەچوونی درەنگ کەوتووە.

یەکێکی دیکە لە دەرئەنجامەکانی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان وەکو ئەوەی ئالان حەمە سەعید باسی کرد، "رێژەی دەرچوون لە قوتابخانە حکومییەکان بەڕێژەیەکی بەرچاو لە پۆلی یەکەمی بنەڕەتی تا پۆلی 12ـی بنەڕەتی، گەشەسەندنێکی باشی بەخۆیەوە بینیوە، لەچاو قوتابخانە تایبەتەکان. ئەمەش ئەو بەڵێنە بوو، کە بە ئێوە درابوو، کە ئاستی خوێندن لە قوتابخانە حکومییەکان باشتر بکرێت".

وەزیری پەروەردە لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا ئەوەشی خستەڕوو، "سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان جگە لەوەی هاوکاری قوتابخانەکانی هەرێمی کوردستانی کردووە و پاڵپشتیی کردوون، قوتابخانەکانی کەرکووکی لەیاد نەکردووە، بەڵکوو بە بەهای زیاتر لە شەش ملیار دینار هاوکاری قوتابخانەکانی سنووری کەرکووکیشی کردووە".

وەزیری پەروەدەی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوەش دا، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان ساڵانە پاڵپشتیی دارایی بۆ زیاتر لە 657 قوتابی شنگال دابین دەکات کە لە شاری دهۆک تاقیکردنەوە گشتییەکان ئەنجامدەدەن.

ئالان حەمە سەعید راشیگەیاند: "چوار ساڵ و 15 رۆژ پێش ئێستا، سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی ئاماژەی بەوە دا، ئێمە لەم کابینەیەدا (کابینەی نۆیەم) لە حکومەتەکەماندا ژێرخانی دیجیتاڵی فراوان دەکەین. ئێستا ئێمە خاوەنی گەورەترین ژێرخانی دیجیتاڵی و بە دیجیتاڵکردنی گشت داتای مامۆستا، قوتابی، فەرمانبەر و قوتابخانەکانین لە وەزارەتی پەروەدەی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە هەموو وردەکارییەکانیانەوە. کەواتە راستگووبووین (لەگەڵ خەڵکی خۆمان) لە جێبەجێکردنی کارنامەی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان".

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا وەزیری پەروەردە ئاماژەی بەوە دا، یەكێک لە خاڵە سەرەکییەکانی کارنامەی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پێداچوونەوە بووە بە پروگرامەکانی خوێندن و روونیکردەوە، لە ماوەی چوار ساڵی رابردوودا وەزارەتی پەروەردە پڕۆگرامی خوێندنی 40 کتێب دەستکاری کردووە، دیزاینی کردوونەتەوە و هەڵەکانیانی چاککردووەتە. لە ئێستادا وەکو خۆی باسی کرد، تیمەکانی وەزارەتی پەروەردە کار لەسەر 40 کتێبی دیکە دەکەن بۆ ئەوەی بەپێی ستانداردە جیهانییەکان پێداچوونەوەیان پێدا بکەن.

لەبارەی دروستکردنی قوتابخانە و ژووری نوێ لەماوەی کابینەی نۆیەمدا، وەزیری پەروەدی ئەوەی خستەڕوو، لە ماوەی چوار ساڵی رابردوودا "86 قوتابخانەی نوێ دروستکران و هەزار و 503 قوتابخانەش نۆژەنکراونەتەوە و دەیان قوتابخانە ئێستا کاریان تێدا دەکرێت بۆ ئەوەی تا شەش مانگی داهاتوو ئامادەبن. هاوکات 452 ژووری نوێ لە چوارچێوەی سیاسەتی فراوانکردنی قوتابخانەکان و کەمکردنەوەی قەرەباڵغی دروستکراون". گوتیشی، "ناڵێین کەموکورتیمان نییە، کەموکورتیشمان هەیە، بەڵام بەگوێرەی تواناکانمان، کارنامەی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان جێبەجێکراوە و کەمتەرخەمیمان نەکردووە".

بە گوتەی وەزیری پەروەردە، "هەموو ئەو پڕۆژانەی کابینەی نۆیەم لە ماوەی چوار ساڵی رابردوودا بۆ کەرتی پەروەردە جێبەجێیکردوون، لە کاتێکدا بووە کە بەردەدوام پلان بۆ کەمداراییکردن و لاوازکردنی هەرێمی کوردستان هەبووە، بەڵام لەبەرامبەر ئەم ئاڵنگارییانەدا سەرۆکوەزیرانێکی خۆڕاگر هەبووە کە بەردەوام  چاوی لەسەر ئەوە بووە پشتگیری لە کەرتی پەروەردە بکات و ئەوەی پێ کراوە بەپێی توانا دراییەکان کردوویەتی و درێخی نەکردووە".