شاخەوان عەبدوڵڵا: دوو دیدگا بۆ چۆنیەتی ناردنی پارە بۆ هەرێمی کوردستان هەیە

شاخەوان عەبدوڵڵا، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق
شاخەوان عەبدوڵڵا، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق

K24 - هەولێر:

شاخەوان عەبدوڵڵا رایدەگەیەنێت، سەرۆکوەزیران و شاندی حکومەتی عێراق هیچ داواکارییەکیان لە شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان نەماوە، بۆیە پێشبینی دەکات، حکومەتی عێراق پارە بۆ هەرێمی کوردستان بنێرێت. لەبارەی ناردنی دوو مووچەش بۆ هەرێم، دەڵێت، بڕیاری کۆتایی لای لیژنەی هاوبەشی هەولێر و بەغدایە.

ئەمڕۆ چوارشەممە 16ـی ئابی 2023، شاخەوان عەبدوڵڵا، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق لە لێدوانێکدا بە کوردستان24ـی راگەیاند، "کۆبوونەوەکانی رابردووی شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەغدا 'زۆر باشبوون' و سەرۆکوەزیران (محەممەد شیاع سوودانی) لەسەر داوای وەزارەتی دارایی عێراق، داوای هەندێک وردەکاریی لە شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان کردبوو، شاندەکە ئەو وردەکارییانەشی جێبەجێکردوون".

بە گوتەی شاخەوان عەبدوڵڵا، سەرۆکوەزیران و شاندی حکومەتی عێراق هیچ داواکارییەکیان لە شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان نەماوە، بۆیە پێشبینی دەکات حکومەتی عێراق پاره‌ بۆ هەرێمی کوردستان بنێرێت.

لەبارەی ناردنی مووچەی مانگی حەوت و هەشتی فەرمانبەر و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان، شاخەوان عەبدوڵڵا گوتی: "ئەوە دەبێت لیژنەکە (لیژنەی هاوبەشی هەردوو شاندی حکومەتی عێراق و هەرێمی کوردستان) کە لێرەیە، بڕیاری لەسەر بدات. دوا بڕیار لای ئەوانە و وردەکارییەکانیان تەواوکردووە".

وەکو جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق باسی کرد؛ دوو دیدگا لەلایەن لیژنەکەوە بۆ پارەدارکردنی هەرێمی کوردستان هەیە. یەکێکیان، "ناردنی پاره‌ بۆ هەرێمی کوردستان لە ئێستاوە ده‌ستپێبكرێت، بۆ ئەوەی مانگانە بەردەوام بێت" و دیدگای دووەمیش، هەژمارکردنی شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستانە لە 01-01-2023ـەوە، وەکو ئەوەی لە یاسای بودجەدا هاتووە. 

هەردوو شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان و عێراق وەکو ئەوەی شاخەوان عەبدوڵڵا گوتی، "کاردەکەن بۆ ئەوەی مانگانە ناردنی پاره‌ بۆ هەرێمی کوردستان بەردەوام بێت و لەبارەی پارەی مانگەکانی رابردووش، ئەو لیژنەیەی سەردانی هەرێمی کوردستانی کرد، کاری زۆر باشیان کردووە و زۆریش رازی بوون لە سەردانەکەیان بۆ هەرێمی کوردستان و ئەو شەفافییەتەی لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە بینیویان".

ئەمە لە کاتێکدایە رۆژی یەکشەممە 13ـی ئابی 2023، د. نەرمین مەعرووف، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق بە کوردستان24ـی راگەیاند، ئەم مانگە و بۆ جاری یەکەم حکومەتی فیدراڵی تەواوی پشکی هەرێمی کوردستان، کە لەیاسای بودجەی گشتیدا جێگیرکراوە و نزیکەی تریلیۆنێک و 250 ملیار دینارە، دەنێرێت و جەختی لەوە کردەوە، "هیچ بیانوویەک بۆ نەناردنی نەماوە".

لەبارەی وادەی ناردنی پشکی هەرێمی کوردستان لەلایەن حکومەتی فیدراڵییەوە، ئەو ئەندامەی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق ئاماژەی بەوە دا، "بە گوێرەی یاسای بودجە، پێویستە حکومەتی فیدراڵی لەگەڵ خەرجکردنی لیستی مووچەی فەرمانبەر و مووچەخۆرانی عێراق لە نێوان 18 بۆ 25ـی ئەم مانگە، پشکی هەرێمی کوردستانیش خەرج بکات".

رۆژی شەممە 12ـی ئابی 2023، فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوە و جێگری سەرۆکوەزیرانی عێراق بە کوردستان24ـی راگەیاند، "هیچ مەترسییەک لەسەر بودجە و مووچەی هەرێمی کوردستان نییە، بە یاسا ئەم بابەتە رێکخراوە کە یاسای بودجەیە".

لە ماوەی چەند رۆژی رابردوودا لیژنەیەکی باڵای چاودێری دارایی حکومەتی عێراق، بە مەبەستی وردبینی لە داهات و داتا و ژمارەکانی دامودەزگاکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان سەردانی هەرێمی کوردستانی کرد. رۆژی سێشه‌ممه‌ 8ـی ئابی 2023، لەگەڵ ئاوات جەناب نووری، وەزیری دارایی و ئابووری کۆبووەوە. دواتر سەردانی وەزارەتی سامانە سرووشتییەکانیان کرد.

رۆژی پێنجشەممە 3ـی ئابى 2023 ، وەزارەتى دارایی عێراق بڕى 598 ملیار دینارى بۆ هەرێمى کوردستان نارد. لەوبارەوە، پێشەوا هەورامانی، گوتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند: ئێمە بۆ دابینکردنی مووچە پێویستمان بە 912 ملیار دینارە کە لە عێراقەوە بێت، بەڵام نەک شایستەی دارایی نەنێردرا تەنانەت پارەی پێویستی مووچەش نەنێردرا و تەنیا 598 ملیار واژۆی لەسەر کراوە کە بنێردرێت بۆ مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان.

هەمان رۆژ وەزارەتی دارایی لیستی دابەشکردنی مووچەی بەشێک لە وەزارەتەکانی بڵاوکردەوە، کە رۆژی شەممە (5ـی ئابی 2023) دیوانی وەزارەتی پێشمەرگە و لیواکان مووچەکەیان وەرگرت و بە گوێرەی لیستەکە پڕۆسەی دابەشکردنی مووچەی مووچەخۆران، تا رۆژی پێنجشەممە 15ـی ئابی 2023 بەردەوام بوو.