بڕیارێک لەبارەی کرێی کارەبا دەرچوو

کارمەندێکی وەزارەتی کارەبا لە کاتی کارکردن
کارمەندێکی وەزارەتی کارەبا لە کاتی کارکردن

K24 – هەولێر:

ئەنجوومەنی وەزیران، رەزامەندی لەسەر داشکاندنی کرێی کارەبای نیشتمانی بۆ هەردوو پارێزگای هەولێر و دهۆک دەربڕی.

ئەنجوومەنی وەزیران، لە نووسراوێکدا لەسەر داوای وەزارەتی کارەبا، رەزامەندی لەسەر داشکاندنی 15%ـی کرێی کارەبای نیشتمانی بۆ هەردوو پارێزگای هەولێر و دهۆک هاوشێوەی سلێمانی و هەڵەبجە دەربڕی.

لە نووسراوەکەدا ئاماژە بەوەشکراوە، بڕیاری ئەم داشکاندنە تەنیا بۆ ماوەی سێ مانگ کاری پێدەکرێت.

پێشتریش بەڕێوەبەرایەتی گشتیی کارەبای سلێمانی راگەیاندراوێکی بڵاوکردبووەوە کە تێیدا هاتبوو، "دوابەدوای بڕیاری ئەنجومەنی وەزیران سەبارەت به‌ لێخۆشبوونی 15%ی قەرزی کارەبا بۆ سنووری پارێزگای سلێمانی، لە یەکشەممە (23ـی تەمووزی 2023) بڕیارەکە کەوتە بواری جێبەجێکردنەوە و لە بەرواری 24/10/2023 کۆتایی دێت".

ئاماژە بەوەشدرابوو، لەو چوارچێوەیەدا هاووڵاتییان دەتوانن لە رێگەى ئەو ژمێرکارانەى پسووڵەی کارەبا دەگەڕێننەوە بۆ هاووڵاتیان لەبەردەم ماڵەکانیان قەرزی کارەبا بدەن یاخود سەردانی بەڕێوەبەرایەتییەکانی کارەبا بکەن بۆ دانەوەی قەرزەکانیان.

حکومەتی هەرێمی کوردستان لەپێناو کەمکردنەوەی بارگرانی سەر هاووڵاتییان و ئاسانکاری بۆیان لە دانەوەی قەرزەکانیان، چەند بڕیارێکی دەرکردووە، لەوانە، لێخۆشبوون بەڕێژە و جێبەجێکردنی شێوازی قیست لە دانەوەی قەرزەکان، بەتایبەتی لە قەرزی ئاو و کارەبا.

ل