سه‌رۆككۆماری عێراق په‌یامێكی پیرۆزبایی ئاراسته‌ی سه‌رۆك بارزانی ده‌كات

لەتیف رەشید، سەرۆککۆماری عێراق
لەتیف رەشید، سەرۆککۆماری عێراق

K24 - هەولێر:

سه‌رۆككۆماری عێراق به‌بۆنه‌ی 77ــمین ساڵیادی دامه‌زراندنی پارتی دیموكراتی كوردستان، په‌یامێك ئاراسته‌ی سه‌رۆك بارزانی ده‌كات و پیرۆزبایی خۆی پێ راده‌گه‌یه‌نێت.

ئه‌مڕۆ (چوارشه‌ممه‌ 16ـی ئابی 2023) له‌تیف ره‌شید، سه‌رۆككۆماری عێراق به‌بۆنه‌ی 77ــمین ساڵیادی دامه‌زراندنی پارتی دیموكراتی كوردستان، په‌یامێكی ئاراسته‌ی سه‌رۆك بارزانی كردووه‌ و تێیدا پیرۆزبایی خۆی پێ راده‌گه‌یه‌نێت و ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات، له‌ كاتێكدا یادی دامه‌زراندنی پارتی دیموكراتی كوردستان ده‌كه‌نه‌وه‌، عێراق له‌سه‌ر ئاسته‌كانی سیاسی، ئابووری و ئه‌منی به‌ قۆناغێكی گرنگ تێده‌په‌ڕێت، بۆیه‌ له‌ هه‌موو كات زیاتر پێویست به‌ یه‌كڕیزی نیشتمانی و هه‌ماهه‌نگی و كاری هاوبه‌ش و به‌یه‌كه‌وه‌یی هه‌یه‌.

سه‌رۆككۆماری عێراق هه‌روه‌ها له‌ به‌شێكی دیكه‌ی په‌یامه‌كه‌یدا رایگه‌یاندووه‌، له‌پێناو پته‌وكردن و قووڵكردنه‌وه‌ی ره‌گوڕیشه‌ی دیموكراسی و په‌ره‌پێدانی له‌ واقیعی عێراقی و جێبه‌جێكردنی بنه‌ما ده‌ستوورییه‌كان كه‌ خواست و به‌دیهێنانی سه‌رجه‌م گه‌لانی عێراقی له‌خۆگرتووه‌، كه‌ ئه‌مه‌ش ئیلهمام به‌خش ده‌بێت بۆ‌ گیانی خۆڕاگری و ئیڕاده‌ی به‌هێز و بنه‌مای جوامێرانه‌، كه‌ پارتی دیموكراتی كوردستان وه‌ك پارتێكی تێكۆشه‌ و له‌ژێر سه‌ركردایه‌تی ئێوه‌دا "سه‌رۆك بارزانی" له‌وه‌ته‌ی دروستبوونییه‌وه ئه‌و رێبازه‌ی گرتووه‌ته‌به‌ر و‌ كار بۆ سه‌قامگیری، سه‌روه‌ری یاسای و ده‌سته‌به‌ری مافه‌كانی هاووڵاتیبوون و یه‌كسانی و دادپه‌روه‌ری كۆمه‌ڵایه‌تی و خۆشگوزه‌رانی ژیانێكی شكۆمه‌ندانه‌ له‌ كوردستان و سه‌رجه‌م عێراق كار ده‌كات.

له‌تیف ره‌شید هه‌روه‌ها هیوای خواستووه‌، پارتی دیموكراتی كوردستان له‌پێناو عێراقێكی دیموكرات و خۆشگوزه‌رانی گه‌له‌كه‌ی به‌هه‌موو پێكهاته‌كانییه‌وه‌ درێژه‌ به‌خه‌باتی تێكۆشه‌رانه‌ی بدات.

554