مووسا ئه‌حمه‌د: ده‌زگای خێرخوازی بارزانی به‌رامبه‌ر به‌ هاوكاریكردنی ئاواره‌كانی ده‌ستی داعش ده‌سته‌وسان نه‌وه‌ستا

مووسا ئه‌حمه‌د، سه‌رۆكی ده‌زگای خێرخوازی بارزانی
مووسا ئه‌حمه‌د، سه‌رۆكی ده‌زگای خێرخوازی بارزانی

K24 - هەولێر:

سه‌رۆكی ده‌زگای خێرخوازی بارزانی ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات، ئاواره‌كانی ده‌ستی داعش جیاواز بوون له‌ ئاواره‌ی رووداو و كاره‌ساته‌ سروشتییه‌كان، ده‌شڵێت، ده‌زگای خێرخوازی بارزانی به‌رامبه‌ر به‌ هاوكاریكردنی ئاواره‌كان ده‌سته‌وسان نه‌وه‌ستا.

ئه‌مڕۆ (چوارشه‌ممه‌ 16ـی ئابی 2023) مووسا ئه‌حمه‌د، سه‌رۆكی ده‌زگای خێرخوازی بارزانی له‌میانی پێشكه‌شكردنی سیمینارێك له‌ واشنتۆنی پایته‌ختی ئه‌مه‌ریكا رایگه‌یاند، له‌ سه‌روبه‌ندی هێرش و په‌لاماره‌كانی رێكخراوی داعشدا، ژماره‌ی ئاواره‌ و په‌ناهه‌نده‌كان له‌ پارێزگای سلێمانی و دهۆك و ناوچه‌كانی ده‌وروبه‌ری، زیاتر بوو له‌ ژماره‌ی دانیشتووانه‌كه‌ی، هه‌روه‌ها گوتی، ئاواره‌كان جیاوازیان هه‌بوو له‌گه‌ڵ ئاواره‌ی رووداو و كاره‌ساته‌ سروشتییه‌كان، به‌ڵكوو ئه‌و ئاوارانه‌ی روویان له‌ هه‌رێمی كوردستان كردبوو، ئاواره‌ی ده‌ستی دڕه‌نده‌ترین رێكخراوی سه‌ده‌ بوون.

هه‌روه‌ها مووسا ئه‌حمه‌د، باسی له‌وه‌ كرد، كوردی ئێزدی كه‌ زیاتر له‌ 40%ـی ژماره‌ی ئاواره‌كانیان پێكده‌هێنا، به‌شێكی زۆری پیاوه‌كانیان به‌به‌رچاوی خانه‌واده‌كانیان سه‌ربڕدرابوون و كچه‌كانیان ئه‌تك كرابوون، بۆیه‌ له‌ رووی ده‌روونییه‌وه‌ جێكردنه‌وه‌ی ئه‌و ئاوارانه‌ له‌ هه‌رێمی كوردستان كارێكی ئاسان نه‌بوو.

سه‌رۆكی ده‌زگای خێرخوازی بارزانی ئاماژه‌ی به‌وه‌ كرد، خه‌ڵكی هه‌رێمی كوردستان و ده‌زگای خێرخوازی بارزانی ده‌سته‌وسان نه‌وه‌ستان و چاوه‌ڕوانی هاوكاری نێوده‌وڵه‌تی ته‌نانه‌ت چاوه‌ڕوانی حكومه‌تی عێراقیشیان نه‌كرد بۆ ئه‌وه‌ی هاوكاری ئاواره‌كان بكه‌ن، به‌ڵكو خۆیان هاوكاریان كردن و ده‌رگایان به‌ روودا واڵا كردن، له‌ كاتێكدا له‌خۆگرتن و هاوكاركردنیان له‌ ئه‌ستۆی حكومه‌تی عێراقدا بوو.

سەرۆکی ده‌زگای خێرخوازی بارزانی به‌ سه‌ردانێك لە ئەمەریکایه‌ لەگەڵ ئاژانس و رێکخراو و بەرپرسانی حکومی تاوتوێی دۆخی مرۆیی ئاوارە و پەنابەرانی نیشتەجێی هەرێمی کوردستان كردووه‌ ، سەبارەت بە دۆخی پەنابەران رۆژی چوارشه‌ممه‌ 16ـی ئابی 2023، لەگەڵ وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا کۆدەبێتەوە.

رۆژی (سێشه‌ممه‌ 15ـی ئابی 2023) موسا ئەحمەد، سەرۆکی دەزگای خێرخوازی بارزانی بە کوردستان24ـی رایگەیاند، بەشێك لەو رێکخراوانەی ئەوان لەگەڵیان کۆبوونەتەوە، بەڵێنی ئەوەیان داوە درێژە بە هاوکارییەکانیان بدەن، سبەینێش لەگەڵ دیسکی ئاوەرە و پەنابەرانی عێراق لە وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا کۆدەبنەوە، گوتیشی: لە کۆبوونەوەی چوارشه‌ممه‌ 16ـی ئابی 2023، ئێمە وردەکاری زیاتر سەبارەت بە دۆخی پەناران لە هەرێمی کوردستان بۆ بەرپرسانی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا دەخەینەڕوو، هیواخوازین بتوانین قەناعەت بەوان بکەین کە هانی رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان بدەن بەردەوامی بە هاوکارییەکانی خۆیان بۆ هەرێمی کوردستان بدەن.

هه‌روه‌ها سەرۆکی دەزگای خێرخوازی بارزانی رایگه‌یاند، هێشتا زیاتر لە 300 هەزار ئاوارەی ئێزدی لە هەرێمی کوردستان نیشتەجێکراون و لە کەمپەکان لە دۆخێکی خراپدان.

سەرۆکی دەزگای خێرخوازی بارزانی گوتیشی، ژیانی ئاوەرە ئێزدییەکان کاتێک جێگیر دەبێت، کە بگەڕێنەوە شوێنی خۆیان، بەشێكی گەورەی هۆکاری گەڕانەوەشیان پەیوەستە بە جێبەجێکردنی رێککەوتنی شنگال لەنێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراق.

رۆژی (سێشه‌ممه‌ 15ـی ئابی 2023) جه‌یمس كۆترێڵ، داكۆكیكاری نێوده‌وڵه‌تی مرۆیی له‌باره‌ی كه‌مبوونه‌وه‌ی هاریكاری و پشتوانییه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كان بۆ ده‌زگای خێرخوازی بارزانی تایبه‌ت به‌ كوردستان24 رایگه‌یاند، ده‌زگای خێرخوازی بارزانی پێشینه‌یه‌كی زۆر باشی له‌سه‌ر ئاستی جیهانی له‌ بواری هاریكاری مرۆییه‌وه‌ هه‌یه‌، به‌ڵام كه‌مبوونه‌وه‌ی هاوكارییه‌ مرۆییه‌كان بۆ ئه‌و ده‌زگایه‌، به‌ ته‌نیا به‌ په‌یوه‌ندی به‌ ده‌زگاكه‌ و عێراق نییه‌، به‌ڵكوو بابه‌تێكی جیهانییه‌ و به‌گشتی یارمه‌تیدانی نێوده‌وڵه‌تی بۆ بابه‌ته‌ مرۆییه‌كان كه‌میكردووه‌، كه‌ ئه‌مه‌ش زیاتر په‌یوه‌سته‌ به‌ كه‌مبوونه‌وه‌ی نه‌ختینه‌ی هاریكارییه‌كان.

هه‌روه‌ها جه‌یمس كۆترێڵ ئاماژه‌ی به‌وه‌ كرد، چه‌ندین هۆكار له‌ پشت كه‌مبوونه‌وه‌ی هاریكارییه‌كانی ده‌زگای خێرخوازی بارزانی هه‌یه‌، له‌وانه‌ ئاڵنگارییه‌كانی ناو عێراق و ناوچه‌كه‌ به‌گشتی. گوتیشی، وڵاتان و چه‌ند رێكخراوێكی جیهانی مه‌به‌ستیانه‌ به‌شێوه‌یه‌كی باشتر هاوكاری ئاواره‌كانی ناو عێراق بكه‌ن، له‌و چوارچێوه‌یه‌دا ده‌زگای خێرخوازی بارزانی ده‌توانێت سوود له‌و دره‌فه‌ته‌ وه‌ربگرێت بۆ گه‌یاندنی هاوكارییه‌كان بۆ ئاواره‌ و په‌ناهه‌نده‌كانی عێراق.