پارتی له دامهزراندنییهوه تاكو ریفراندۆم.. پێشهنگی و ههمیشه حزبی یهكهم

K24 - هەولێر:
لە ساڵی 1946 بە ڕابەرایەتی مستەفا بارزانی و بە هەوڵ و کۆششی چەند کەسایەتییەکی دیکەیی دیاری باشووری کوردستان پارتی دیموکراتی کوردستان دامەزرێندرا.
لە 16ی ئابی ھەمان ساڵیش پارتی یەکەمین کۆنگرەی گرێدا و مەلامستەفا بارزانی وەک سەرۆک و رێبەری ئەو حزبە هەڵبژێردرا تا ئێستاش 14 کۆنگرەی بەستووە. لە ساڵی 1979 دوای کۆچی دوایی مەلا مستەفا بارزانی، سەرۆک بارزانی بە سەرۆکی پارتی هەڵبژێردراوە و تا ئێستاش بەردەوامە.
کوردستانیان لەسەرەتای دەستپێکردنی شۆرشی ئەیلوول، تاکو ئێستا بەمتمانەی زۆرەوە پشتیوانیان لە پارتی کردووە و لە سەرجەم ئەو هەڵبژاردنانەی لە کوردستان بەڕێوەچوون پارتی حزبی یەکەم بووە.
لە ساڵی 1961 بەهۆی زوڵمی زۆری ئەو کاتەی دەسەڵاتدارانی بەغدا و پاشگەزبوونەوەیان لە پێدانی مافەکانی گەلی کوردستان، پارتی بڕیاری هەڵگیرساندنی شۆرشی ئەیلوولی دا، کە ئەو کات بەشێکی زۆر لە گەلانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەژێر دەستەییدا دەیانناڵاند.
لە ساڵی 1970 لە ئەنجامی شکستە یەک لە دوای یەکەکانی حکومەتی ئەو کاتەی عێراق بەرامبەر بە شۆرشی ئەیلوول بە رێبەرایەتی بارزانی، حکومەت ناچاربوو داوای دانوستاندن بکات، لە 11 ی ئاداری هەمان ساڵیش رێککەوتننامەی 11 ی ئادار لەنێوان سەرکردایەتی شۆڕش و حکومەت راگەێندرا، کە تێیدا دان بە مافەکانی گەلی کورد نران و ئۆتۆنۆمی بۆ کوردستان قبووڵکرد، بەڵام دوای تێپەڕبوونی 4 ساڵ بەسەر رێککەوتننامەکە حکومەتی بەعس لە بەڵێنەکانی بەرامبەر بە کورد پاشگەزبووەوە و هەوڵی تیرۆرکردنی رێبەری شۆرشی کوردستان مستەفا بارزانی دا، دوای ئەوەش جارێکی دیکە شەڕ لەنێوان کورد و رژێمی بەعس سەریهەڵدایەوە، لە ساڵی 1975 رێککەوتننامەی جەزائیری لەگەڵ ئێران واژۆکرد.
بە سەرۆکایەتی مەسعود بارزانی و ئیدریس بارزانی جارێکی دیکە پارتی خەباتی چەکداری لەژێر ناوی شۆرشی گوڵان دەستپێکردەوە، لە ساڵی 1979 دوای كۆچی دوایی مستەفا بارزانی، سەرۆک بارزانی بە سەرۆکی پارتی هەڵبژێردرا.
پارتی رۆڵێكی بەرچاوی لە دامەزراندنی بەرەی كوردستانیی هەبووە، کە بووە سەرەتاییەک بۆ دەستپێکردنەوەی خەباتێکی نوی لەگەڵ هێزە کوردستانییەکان و راپەڕینی بەهاری 1991 لێهاتە بەرهەم.
لە ساڵی 2017 سەرکردایەتی سیاسی کوردستان بە سەرۆکایەتی مەسعود بارزانی، سەرۆکی ئەوکاتەی هەرێمی کوردستان بڕیاری ئەنجامدانی ریفراندۆم سەربەخۆیی کوردستان دەرکرد، پارتیش بە فراوانی پشتیوانی لەو پرۆسەیە کرد و بەشداری کارایان لە هەڵمەتەکان و رۆژیی ئەنجامدانی ریفراندۆم لە 25ی ئەیلول دا کرد، کە زیاتر لە 93%ی کوردستانیان دەنگیان بە بەڵێ بۆ سەربەخۆیی دا.
لە هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی کوردستان و عێراقیش جارێکی دیکە خەڵکی کوردستان متمانەیان بە پارتی دایەوە و بە دەنگی خەڵک بووە هێزی یەکەمی کوردستان و یەکێک لە هێزە هەرە کاریگەرەکانی عێراق، ئەو ئەنجامانەش دووپاتیانکردەوە کە پارتی هەمیشە لە بەرەی خەڵک بووە و بە پشتیوانی خەڵک داکۆکیکاری سەرەکی مافەکانی خەڵکی کوردستانە.