هێمن هەورامی: پارتی حزبێکی خاوەن زۆرترین متمانەیە لە هەرێمی کوردستان

هێمن هەورامی، ئەندامی مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان
هێمن هەورامی، ئەندامی مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان

K24 – هەولێر:

ئەندامێکی مەکتەبی سیاسی پارتی رایدەگەیەنێت، پارتی هێز و توانای خۆی لە جەماوەری خۆی وەردەگرێت و هەروەها پارتی لە بڕیاری سیاسی سەربەخۆیە، هاوکات دەشڵێت: دەبێت متمانە لەنیوان خەڵک و حکومڕانی زیاتر بکرێت. لەبارەی شاری سلێمانیش ئاماژەی بەوەدا، سلێمانی بەشێکە لە جەستەی دانەبڕاوی پارتی دیموکراتی کوردستان.

هێمن هەورامی، ئەندامی مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان، لە میانەی بەشداریکردنی لە دیبەیتێکی کوردستان24، رایگەیاند، پارتی لەسەر چەند بنەمایەک دروستبووە و لە رووی فکرییەوە شوناسێکی تایبەتی هەیە و زیاتر لە حزبێکی سیاسییە، هەروەها پارتی کۆکەرەوەی تێکۆشەرانی کوردستانە، پارتی هێز و توانای خۆی لە جەماوەری خۆی وەردەگرێت.

هاوکات راشیگەیاند، ئەو سەربەخۆییەی لەناو پارتی هەیە لەناو هیچ حزبێکی دیکەی سیاسی نییە، متمانەیەکی تەواومان بە کادیر و جەماوەری خۆمان هەیە تاکە حزبی رێکخراوەین لە کوردستان، پارتی حزبێکی پۆپۆلیستی نییە، پارتی حزبی خاوەن زۆترین متمانەیە لەناو هەرێمی کوردستاندا.

لەبارەی هەڵبژارنی پەرلەمانی کوردستان، ئەو ئەندامەی مەکتەبی سیاسی، ئاشکرایکرد، بڕوامان بەخۆمان هەیە لەو هەڵبژاردنەش حزبی ژمارە یەکی کوردستان بین، ئەرکی سەرەکی پارتی دیموکراتی کوردستان لەم هەڵبژاردنە بەشداریپێکردنی زۆرترین رێژەی دەنگدەرە بۆ ئەوەی متمانەی هاووڵاتییان بۆ پرۆسەی سیاسی هەرێمی کوردستان بگەڕێتەوە، هەروەها دەبێت متمانە لەنێوان خەڵک و حکومڕانی زیاتر بکرێت.

هێمن هەورامی، دەشڵێت: هێز هەبوو لە پەرلەمان ئەوەندە دەنگە دەنگ و پشێوێ هەبووە، بەڵام کە هاتووەتە سەر یاسادانان هیچ دەنگێکی نەبووە، بەڵام کە دانیشتنێکی کراوە دەبێت کامێرەکەی دادەنێت پەخشی دەکات، چونکە ئامانجی پۆپۆلیستییە نەک یاسادانان.

گوتیشی: دەبێت خەڵکی کوردستان متمانەی بۆ بگەڕێندرێتەوە، خەڵکی کوردستان ئەگەر دەیانەوێت پەرلەمان شوێنی یاسادانان بێت و شوێنی تێپەڕاندنی بودجە بێت، دەبێت دەنگ بەو لایەنە سیاسیانە بدەن کە خەڵکی پۆپۆلیست نانێرنە پەرلەمان، بەڵکو خەڵکێک دەنێرن کە لە ئاستی بەهاکانی پەرلەماندا بێت.

ئەو ئەندامەی مەکتەبی سیاسی، روونیکردەوە، "هەندێک لایەنەی سیاسی ئەوندە خەریکی خۆ دەرخستن و خۆ گەورەکردن بوون لە پەرلەمان بۆ راكێشانی سەرنجی هاووڵاتییان بۆ لایک و کۆمێنتەکان، ئەوەندە یاسادانان و پرسیارکردن لە وەزیرەکانیان لەلا گرنگ نەبوو، لەم خولەی پەرلەمان زۆرترین پرسیار ئاراستەی حکومەتی هەرێم کراوە زۆرترین وەڵامی وەرگیراوەتەوە، کابینەی نۆیەم شەفافترین کابینە بووە، کە بە سەرۆکایەتی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێکهێرابوو، هاوکات وەڵامی زۆترین پرسیارەکانی پەرلەمانی داوەتەوە، زۆترین وەزیر هاتوونەتە پەرلەمان و وەڵامی پرسیارەکانیش دراونەتەوە".

جەختیشی لەوەکردەوە، ئەم خولەی پەرلەمان باشترین خولی پەرلەمان بووە.

لەبارەی شاری سلێمانی، هەورامی گوتی: "سلێمانی بەشێکە لە جەستەی دانەبڕاوی پارتی دیموکراتی کوردستان، پارتی دەتوانێت زۆر کار بۆ سلێمانی بکات، بەڵام هەندێک رێگری هەیە لە رووی حزبییەوە، ئەگەر بمانەوێت ئەو رێگرییانە نەمینێت لەوانەیە شتی نەخوازراو رووبدات، بەداخەوە لەبەر دۆخی سیاسی و ئیداری حکومڕانی سلێمانی نەمانتوانیەوە ئاوڕێکی جدی لە سلێمانی بدەینەوە".

گوتیشی: ئەو رێگرییانەی لە خەڵکی پارتی لە سنووری شاری سلێمانی دەکرێت، لە هەولێر و دهۆک بەرامبەر بە هیچ لایەنگرێکی لایەنە جیاوازەکان ناکرێت.

سەبارەت بە پەیوەندییەکانی پارتی و یەکێتی، ئەو ئەندامەی مەکتەبی سیاسی پارتی رایگەیاند، "لەگەڵ یەکێتی سەرەڕای ئەوەی کۆسپ هەیە لە پەیوەندییەکانی نێوانمان، بەڵام ئیرادەیەکی باش هەیە کە زاڵبین بەسەر ئەم کۆسپانەدا، لەبەر ئەوەی متمانەی هاووڵاتییان بۆ پرۆسەی سیاسی بۆ هەڵبژاردن  بەندە بەوەی چەندێک پەیوەندی پارتی و یەکێتی باش دەبێت".

هەروەها راشیگەیاند، "ئێمە لەگەڵ یەکێتی رێککەوتنی ستراتیژی لەمێژینەییمان پێکەوە هەیە، چەندین جار داوامان کردووە پێداچوونەوە بە رێککەوتنەکانی پێشوومان بکرێت، یاخود رێککەوتنێکی دیکە سەر لە نوێ واژوو بکەین".

سەبارەت گفتوگۆکانی هەولێر و بەغدا، هەورامی ئاماژەی بەوەکرد، "بەرەوپێشچوونی باش هەیە و لێکتێگەشتنی باش لە نێوانمان هەیە، بەڵام تاکو ئێستا نەگەیشتووینەتە رێککەوتنی کۆتایی، هاوکات ئێمە هەموو پابەندبوونێکی خۆمان بەرامبەر بە حکومەتی عێراق جێبەجێ کردووە، ئەوەی ماوە لەسەر عێراقە کە پابەندبوونەکانی خۆی بەرامبەر بە رێککەوتنەکان جێبەجێ بکات و بەشە بوودجەی هەرێمی کوردستان بنێرێت".