گۆڤارێکی ئەمەریکی: خواست لەسەر فڕۆکە جەنگییەکانی ئەمەریکا کەمیکردووە

ژمارەیەک فڕۆکەی جەنگی ئەمەریکی
ژمارەیەک فڕۆکەی جەنگی ئەمەریکی

K24 - هەولێر

گۆڤاری فۆڕن پۆڵەسی ئەمەریکی راپۆرتێکی لەبارەی کەمبوونەوەی خواست لەسەر فڕۆکە شەڕکەرە ئەمریکییەکان لەبازاڕی جیهانیدا بڵاوکردەوە. بەپێی راپۆرتەکەی فۆڕیەن پۆڵەسی، هاوپەیمانەکانی ئەمەریکا هەنگاو لەدوای هەنگاو دەست بەخۆماڵیکردنی پیشەسازی فڕۆکەی جەنگی دەکەن، بەمەش ئەمەریکا وەک گەورەترین فرۆشیاری چەک مەترسی ئەوەی لەسەرە لەداهاتوویەکی نزیکدا هەژموونی خۆی بەسەر ئەم بازاڕەدا لەدەستبدات.

گۆڤاری فۆڕن پۆڵەسی نووسیویەتی، گومانی تێدانییە بازاڕی فڕۆکە شەڕکەرەکان گۆڕانی بەسەردادێت و هێزەکانی دیکەی وەکو چین و ژاپۆن و بەریتانیا دەیانەوێت ململانێی ئەمەریکا بکەن بۆ پێشکەشکردن و فڕۆشتنی فڕۆکە جەنگییەکانیان بە وڵاتانی کڕیار.

گۆڤارە ئەمریکییەکە باسی لەوەشکردووە، راستە لەدوای جەنگی سارد  فڕۆکەی ئێف16 و لەدوای 2015شەوە فڕۆکەی ئێف35ی شەڕکەری ئەمەریکا بازاڕەکانی فڕۆکەیان تەنی و هاوپەیمانەکانی ئەمەریکا لەوانەش نەرویج و کۆریا باشوور و ئیسرائیل ئەم جۆرە فڕۆکانەیان خستە خزمەتی سوپاکانیانەوە، بەڵام تەنها ئەمە بەس نییە بۆ ئەوەی ئەمەریکا گرەنتی داهاتووی بازاڕی فڕۆکەوانی بۆخۆی بکات، چونکە ژاپۆن و بەریتانیا هاوپەیمانییەکەیان بۆ دروستکردنی فڕۆکەی شەڕکەر بەهاوبەشی پێکهێناوە، بەپێی پرۆژەکەیان لەساڵی 2030 وەوە چیتر ئەو دوو وڵاتە فڕۆکەی شەڕکەری ئەمەریکا ناکڕن.

هەر لەچوارچێوەی ئەو هاوپەیمانانەی ئەمەریکا کە ویستیان هەیە پیشەسازی دروستکردنی فڕۆکەی جەنگی خۆماڵی بکەن، کۆریای باشوور هەیە، بەشێوەیەکی کرداری دەستی بەدروستکردنی فڕۆکەی کی ئێف21ی بۆمبهاوێژ کردووە. تەنانەت وڵاتێکی وەک سعوودییە کە یەکێکە لە گەورەترین کڕیارانی تەکنەلۆجیای سەربازی ئەمریکی لە پلانیدایە تا کۆتایی ئەم دەیەیە لەسەدا 50ی دروستکردنی فڕۆکەی جەنگی خۆماڵی بکات.

بەگوێرەی راپۆرتەکەی فۆڕن پۆڵەسی، هەموو ئەم ئاماژانە دەرخەری ئەوەن ئەمەریکا لەبازاڕی فڕۆکەی جەنگیدا رکابەری بۆ دروستبووە و لەداهاتوویەکی نزیکدا ساخکردنەوەی بەرهەمە جەنگییەکانی تووشی گیروگرفتی دەکات.