بلینکن پەیوەندی بەوسەربازە ئەمەریکیەوە دەکات کە لە رووسیا دەستگیرگراوە

پۆڵ ویلان
پۆڵ ویلان

K24 - هەولێر

ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لەگەڵ پۆڵ ویلان، سەربازی هێزی دەریایی پێشووی ئەمەریکا کرد، کە ئێستا لە زیندانێکی رووسیا دایە.

ویلان لە ساڵی 2018 دەستگیرکرا و بۆ ماوەی 18 مانگ لە زیندانی لێفۆرتۆڤۆی مۆسکۆ راگیرا، لە ساڵی 2020 بە تۆمەتی سیخوڕیکردن سزای 16 ساڵ زیندانیکردنی بەسەردا سەپێندرا.

ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا رایگەیاندووە، ویلان "بە ناڕەوا دەستبەسەرکراوە"، بەو مانایەی کە تۆمەتەکان ساختەن و دۆسیەکە پاڵنەرێکی سیاسی بووە.

راپۆرتێکی سی ئێن ئێن، لە زاری سەرچاوەیەکی ئاگادار لەم بابەتەدا رایگەیاندووە، بلینکن بە لویلانی راگەیاندووە، "باوەڕت هەبێت و ئێمە هەموو هەوڵێک دەدەین بۆ ئەوەی بە زووترین کات بتگەڕێنینەوە ماڵەوە".

لین تریسی باڵیۆزی ئەمەریکا لە رووسیا لە مانگی ئایاردا سەردانی ویلانی کرد، کە لە زیندانێکی رۆژهەڵاتی رووسیا دەستگیرکراوە.

ویلان لەساڵی 2018، لە هۆتێلێکی مۆسکۆ دەستگیرکرا کە یەکەیەکی هەڵگرتنی ئەلیکترۆنی تێدابوو، کە بەرپرسانی ئەمنی دەڵێن نهێنی وڵاتی تێدایە، دواتر دادگای رووسیا بە تۆمەتی سیخوڕیکردن سزای 16 ساڵ زیندانی بەسەر پۆڵ ویلانی سەربازی پێشووی هێزی دەریایی ئەمەریکادا سەپاند.

تۆمارە سەربازییەکان ئاماژە بەوە دەکەن ویلان تەمەنی 50 ساڵ، کە خاوەنی رەگەزنامەی بەریتانی و کەنەدی و ئێرلەندییە، لە ساڵی 1994 وەک یەدەگ پەیوەندی بە هێزی دەریایی ئەمەریکاوە کردووە، دوای شەش ساڵ کارکردن وەک پۆلیس لە ویلایەتی میشیگان دەستبەکاربووە.