ئەمەریکا سزای بەسەر رێکخراوێکی ژینگە پارێزی لوبناندا سەپاند کە هاوکاری حزبوڵڵای کردووە

وەزارەتی گەنجینەی ئەمەریکا
وەزارەتی گەنجینەی ئەمەریکا

K24 - هەولێر

ئەمەریکا سزای بەسەر کۆمەڵەی سەوز بێ سنوور لە لوبناندا سەپاند، دەشڵێت، رێکخراوێکی ژینگەپارێزی ساختەیە، چالاکییەکانی حزبوڵڵای لوبنانی پەردەپۆش دەکات.

وەزارەتی گەنجینەی ئەمەریکا رایگەیاند، کۆمەڵەی سەوز بێ سنووری لوبنان و بەڕێوەبەرەکەی، زوهێر سوبحی نەحلە،ی خستۆتە چوارچێوەی لیستی سزاکانی پەیوەست بە تیرۆرەوە، گوتیشی: کۆمەڵەکە پشتیوانی و پەردەپۆشکردن بۆ ئۆپەراسیۆنەکانی حزبوڵڵا لە باشووری لوبنان بەدرێژایی هێڵی نێوان لوبنان و ئیسرائیل دەکات، ئەمەش لە کاتێکدایە بە ئاشکرا لە ژێر پەردەی چالاکی ژینگەیی کاردەکات.

راشیگەیاند، کە ئەم دەستنیشانکردنەی لەسەر بنەمای بڕیارێکی جێبەجێکاری سەرۆکایەتی کردووە، کە تیرۆریستان و رێکخراوە تیرۆریستییەکان و سەرکردە و بەرپرسانی گرووپە تیرۆریستییەکان دەکاتە ئامانج، هەروەها ئەو کەسانەی کە پاڵپشتی تیرۆریستان یان کردەوەی تیرۆریستی دەکەن.

برایان نیڵسۆن، یاریدەدەری وەزیری گەنجینەی ئەمەریکا بۆ تیرۆر و هەواڵگری دارایی گوتی: ئەمەریکا هەوڵە گاڵتەجاڕییەکانی حیزبوڵا رەتدەکاتەوە بۆ شاردنەوەی چالاکییە ناسەقامگیرکەرەکانی بە ژینگەناسی ساختەوە.

ئاماژەی بەوەشکرد، ئێمە بەردەوام دەبین لە پاڵپشتیکردنی ئەو گروپە زۆرانەی کۆمەڵگەی مەدەنی لوبنان کە ژینگەی سروشتی ناوازە و هەستیاری لوبنان دەپارێزن، لە هەمان کاتدا بێ وەستان بەدوای حزبوڵڵا و تۆڕەکانی پشتیوانی لوبناندا دەگەڕێین.

رێکخراوی سەوزی بێ سنوور لە ساڵی 2013دا، بە ئامانجی پاراستنی ژینگەی سروشتی لوبنان لە نێویاندا دارستانەکانەوە دامەزراوە، هەروەها وەزارەتی گەنجینەی ئەمەریکا پێیوابوو کە "لە ڕاستیدا کۆمەڵەکە وەک بەرگێک بۆ چالاکییەکانی حزبوڵڵا لە باشووری لوبنان بەدرێژایی هێڵی ئیسرائیل کاری کردووە".

 ئاماژەی بەەشکرد، "زیاتر لە 12 شوێنی کۆمەڵەکە لەلایەن بریکارەکانی حزبوڵڵاوە بەڕێوەدەبرێت".