پۆلیسی سلێمانی پێنج کەس بە تۆمەتی 'رفاندنی کچێک' دەستگیردەکات

ئەو پێنج کەسەی بە تۆمەتی رفاندنی کچێک دەستگیرکراون | وێنە: راگەیاندنی پۆلیسی سلێمانی
ئەو پێنج کەسەی بە تۆمەتی رفاندنی کچێک دەستگیرکراون | وێنە: راگەیاندنی پۆلیسی سلێمانی

K24 - هەولێر

پۆلیسی سلێمانی پێنج کەسی بە تۆمەتی رفاندنی کچێک دەستگیرکرد، ئەمەش دوای ئەوەی پیاوێک سکاڵای لەبارەی دیارنەمانی کچەکەی تۆمارکرد.

بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی سلێمانی، ئەمڕۆ پێنجشەممە 17ـی ئابی 2023، لە راگەیەندراوێکدا دەستگیرکردنی پێنج کەسی بە تۆمەتی "رفاندنی کچێک" راگەیاند و ئاماژەی بەوە داوە، بە بڕیاری دادوەر، کچەکە ڕادەستی خانەوادەکەی دەکرێتەوە.

ئەو پێنج تۆمەتبارە، وەکو ئەوەی پۆلیسی سلێمانی ئاماژەی پێ داوە، "بەبڕیاری دادوەر و بەپێی ماددەی 421 لەیاسای سزادانی عیراقی ڕاگیراون و لێكۆڵینەوە لەگەڵیان بەردەوامە".

بە گوێرەی راگەیەندراوەکەی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی سلێمانی، ئەو پێنج کەسەی کچەکەیان رفاندووە، تەمەنیان لە نێوان 19 بۆ 24 ساڵیدایە و بریتین لە ( ژ.أ.أ. لە دایكبووی 2004؛ هـ.ی.ح لە دایكبووی 1999؛ ش.ع.م. لە دایكبووی 2001؛ ر.ر.أ. و لەدایكبووی 2003 و پ.ج.ح. لە دایكبووی 2002).

پێنج تۆمەتبارەکە لەلایەن مەفرەزەكانی بنكەی پۆلیسی ڕاپەڕینەوە شوێنەکەیان دۆزراوەتەوە و دەستگیرکراون، ئەمەش دوای هاووڵاتییەک لە بنکەی پۆلیسی راپەڕین سكاڵای لەبارەی دیارنەمانی كچەکەی تۆمارکردووە.

بەگوێرەی ئامارەکانی بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی سلێمانی، لە ساڵی 2022 زیاتر لە 21 هەزار کەس بە تۆمەتی جۆراوجۆر لە سنووری پارێزگای سلێمانی دەستگیرکراون، لەو ژمارەیەش 10 هەزار و 409 کەس دوای دەستگیرکردنیان بە کەفالەت ئازاد کراون و، نۆ هەزار و 303 دۆسیەی لێکۆڵینەوە لەسەر روداوی جۆراوجۆر کراونەتەوە و 90%ـی دۆسییەکان یەکلاییکراونەتەوە.