ناونووسین بۆ پڕۆسەی حه‌ج ده‌ستپێده‌كات

کۆبوونەوەی ئەمڕۆی به‌رێوه‌به‌رایه‌تی گشتی حه‌ج و عومڕه‌ی هه‌رێمی كوردستان
کۆبوونەوەی ئەمڕۆی به‌رێوه‌به‌رایه‌تی گشتی حه‌ج و عومڕه‌ی هه‌رێمی كوردستان

K24 - هەولێر

به‌رێوه‌به‌رایه‌تی گشتی حه‌ج و عومڕه‌ی هه‌رێمی كوردستان رایدەگەیەنێت، له‌ داهاتوویه‌كی نزیكدا له‌گه‌ڵ ته‌واوبوونی رێككاره‌كان له‌ كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیدا ناونووسینی حاجیان رادەگەیەندرێت.

ئەمڕۆ پێنجشەممە 17ـی ئابی 2023، به‌رێوه‌به‌رایه‌تی گشتی حه‌ج و عومڕه‌ی هه‌رێمی كوردستان لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە دا، بەیانی ئەمڕۆ له‌ دیوانی به‌رێوه‌به‌رایه‌تی گشتی حه‌ج و عومڕه‌، كۆبوونه‌وه‌یه‌كی فراوانی به‌رپرسی به‌شه‌كان و لێپرسراوی نووسینگه‌كانی حه‌ج و عومڕه‌ له‌ پارێزگا و ئیداره‌ سه‌ربه‌خۆیه‌كان کرا سه‌باره‌ت به‌ ئاماده‌كارییه‌كانی به‌رێوه‌به‌رایه‌تییەکە بۆ وه‌رزی حه‌جی ساڵی 2024.

وەکو ئەوەی لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا چه‌ند ڕا و پێشنیاز خرانه‌ڕوو بۆ ئه‌وه‌ی پرۆسه‌ی ناونووسین بۆ حاجییان به‌ شێوه‌یه‌كی رێكوپێك ئه‌نجام بدرێت و هه‌موو هاووڵاتییان بتوانن به‌ كه‌مترین كات و ئاسانترین شێوه‌ی ناوی خۆیان بۆ پرۆسه‌ی حه‌ج تۆمار بكه‌ن، "بڕیاریشه‌ له‌ داهاتوویه‌كی نزیكدا له‌گه‌ڵ ته‌واوبوونی رێككاره‌كان له‌ كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیدا ناونووسینی حاجیان ڕابگه‌یندرێت ".

لە ساڵی 2023، 37 هەزار هاووڵاتی لە عێراق  بۆ ئەنجامدانی فەریزەی حەج چوونە سعوودیە و لەو ژمارەیەش چوار هەزار و 685 هاووڵاتیی هەرێمی کوردستان بوون.

لە 10ی حوزەیرانی 2023 یەکەم کاروانی حاجییانی هەرێمی کوردستان بە رێگەی وشکانی گەیشتە ناو خاکی سعوودیە دوو رۆژ دواتریش لە 12ـی حوزەیرانی 2023، یەکەمی کاروانی حاجییانی هەرێمی کوردستان بە رێگەی ئاسمانی گەیشتە شاری مەککە.