شاندێکی حکومەتی عێراق سەردانی هەولێریان کرد

K24 – هەولێر:

پارێزگاری هەولێر لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر پێشوازی لە شاندێکی حکومەتی عێراق کرد، کە بە مەبەستی بەسەرکردنەوەی مەیدانی کەمپەکانی هەولێر و دهۆک، سەردانی هەولێریان کردووە.

ئەمڕۆ هەینی (18ـی ئابی 2023)، پارێگای هەولێر راگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە تێیدا هاتووە، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر پێشوازی لە  فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق و ئەحمەد جاسم ئەسەدی، وەزیری کاری عێراقی فیدڕاڵ و شاندی یاوەریان کرد، کە لە ژمارەیەك بەرێوەبەری گشتی هەردوو وەزارەت پێکهاتبوون.

لە راگەیاندراوەکەدا هاتووە، لە گفتوگۆیەکدا جەخت لەسەر مەبەستی سەردانەکە کرایەوە کە بریتییە لە، بەسەرکردنەوەی مەیدانی کەمپەکانی هەولێر و دهۆک، هەروەها سازدانی زنجیرەیەک کۆبوونەوە لەگەڵ بەرپرسانی هەرێمی کوردستان و ئاڵوگۆڕکردنی پەیوەندییەکانی هەولێر و بەغدا.