بنەماڵەی نیاز دەرگەڵەیی زانیاری نوێ لەبارەی کوژرانی ئاشکرا دەکەن

باڵا هاوار، برازانی نیاز دەگەڵەیی
باڵا هاوار، برازانی نیاز دەگەڵەیی

K24 – هەولێر:

ئەمشەو بەرپرسێکی یەکێتی لەناو باخەکەی لە سنووری قەزای رانیە بە کوژراوی دۆزرایەوە، کەسێکی بنەماڵەکەشی کوشتنەکە بە کردەوەیەکی تیرۆرستی ناودەبات و دەڵێت: "شوێنی سێ فیشەگ بە سەریەوە دیاربوو".

باڵا هاوار، برازای نیاز دەرگەڵەیی، لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، ئەم رووداوە رووداوێکی ئاسایی نییە، بەپێی زانیاری پزیشکی دادی رانییە، "بە کردەوەیەکی تیرۆرستی کوژرا و شوێنی سێ فیشەگ بە سەرییەوە دیاربوو".

ئەو برازایەی دەرگەڵەیی ئاماژەی بەوەشدا، تا ئێستا هۆکاری رووداوەکە نازاندرێت، لە ئێستادا هێزەکانی پۆلیس و ئاسایشی راپەڕین لێکۆڵینەوە دەکەن لەسەر ئەو کەیسە، هەروەها شوێنی رووداوەکەش لە باخەکەی خۆی بووە.

باسی لەوەشکرد، هیچ جۆرە ناخۆشییەکیان لەگەڵ هیچ کەس و لاینێک نەبووە تا ئێستا.

باڵا هاوار، روونیکردەوە، پێش ئەوەی رووداوی کوشتنەکە رووبدات لەگەڵ خێزان و منداڵەکانی بووە، دواتر خێزان و منداڵەکانی دەرگەڵەیی چوونەتە سەردانی باخی ئامۆزای دایکیان و خاڵیان، کاتێک کە گەڕاونەتەوە بینوویانە ئەم رووداوە روویداوە.

ئاماژەی بەوەشکرد: "تائێستا کێشەی کۆمەڵایەتیمان لەگەڵ هیچ کەس و بنەماڵەیەک نییە، بۆیە گومان لە هیچ کەس و ناکەین کە بەهۆی کێشەی کۆمەڵایەتی کوژرابێت".

کەمێک پێش ئێستا (18ـی ئابی 2023)، نیاز دەرگەڵەیی، ئەندامی پێشووی ئەنجوومەنی ناوەندیی یەکێتی نیشتمانی کوردستان بە کوژراوی لە باخەکەی خۆی لە نزیک رێگای (قائید) لە سنووری قەزای رانیە دۆزرایەوە.

لەلایەن خۆیەوە، بەختیار شاوێس کەسایەتی نزیک لە لاهور شێخ جەنگی کوژرانی ئەو بەرپرسەی پێشووی یەکێتی دووپاتکردەوە و رایگەیاندووە، "زۆر بەداخەوەم بۆ مەرگی ناوادەی هاوڕێ و هەڤاڵم لەئەنجوومەنی ناوەندی پێشوو کاک نیاز دەرگەڵەیی".

هاوکات پەیامنێری کوردستان24 ئاماژەی بەوەشکرد، لایەنە ئەمنییەکان دەستیان کردووە بە لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە و تائێستا هیچ لێدوانێک لەبارەی هۆکار و بەرپرسی ئەو رووداوە ئاشکرانەکراوە.