کوردستان24 لە درەنگانی شەو بەشداری لە هێنانەوەی تەرمی هونەرمەند "شکور خەیات"ـدا کرد

.
.

K24 - هەولێر

لەگەڵ چرکەساتی گیان لەدەستدانی هونەرمەندی مەقامبێژ "شکور خەیات" کوردستان24 بەشداری لە ئاپۆرای جەماوەری و پێشوازی گەرمی هونەرمەند و رۆشنبیرانی کوردستان لە هێنانەوەی تەرمی ئەو هونەرمەندەدا کرد، کە زیاتر لە نیو سەدە لە خزمەت هونەر و گۆرانی و مەقاماتی کوردی دابووە.

"شوکر خەیات" لە 1955 یەکەم بەرهەمی هونەری خۆی لەسەر دەستی مامۆستا عەلی مەردان تۆمار کرد و وەک یەکێک لە هونەرزانانی بواری مەقام ناسرا و پاشان نازناوی سەدای ئەنفالی پێوە لکێندرا و تا دوا هەناسەکانی ژیانیشی لە خزمەت ئاواز و گۆرانی رەسەنی کوردی بوو.

سێ کاتژمێر لەبەردەم نەخۆشخانە

یەکەم کەناڵی میدیایی، کە ئامادەی رووماڵی چرکە بە چرکەی رێورەسمی هێنانەوەی تەرمی ئەو هونەرمەندە بوو بۆ گەڕەکی بنەسڵاوەی هەولێر کوردستان24 بوو، کە تا درەنگانی شەو و سێ کاتژمێری تەواو لەگەڵ فرمێسکە گەرمەکانی "فاروق و محەممەد"ـی کوڕانی هونەرمەند ژیا، تا ئەو ساتەوەختەی نوێژی سونەتی مردووی لەسەرکرا.

بە رێوڕەسم لە گۆڕستانی رەحیماوە دەنێژرێت

"فەرهەنگ غەفوور" بەڕێوەبەری گشتی رۆشنبیری و هونەری هەولێر، وەک وەفایەک بۆ رۆحی ئەو هونەرمەندە و 68 ساڵ لە خزمەتی هونەری کوردی رایگەیاند: بەڕێوەبەرایەتیەکەیان بە ئەرکی سەر شانی خۆمانی دەزانین مەراسیمێکی شایستە بۆ بەڕێکردنی ئەو مەقامبێژ و هونەرزانە لەبەردەم مزگەوتی "ئاڵتون"ـی هەولێرەوە رێکبخەین، کە تەمەنی خۆی بە هونەر و داهێنان لە بواری مەقاماتی کوردی بەخشی، لە هەولێر تا کەرکووک بە فرمێسکەوە بەرەو زێدی خۆی بەڕێی بکەین و لە گۆڕستانی "رەحیماوا" بەخاکی بسپێرین.

دوا دێڕی ژیانی شکور خەیات چی بوو؟

لە وەڵامی ئەم پرسیارەدا فاروق شوکر خەیاتی کوڕە گەورەی هونەرمەند گوتی: چەند رۆژێک بەر لە مەرگی پێی گوتم: تەنیا داوا و وەسیەتم ئەوەیە، کە بمبەنەوە کەرکووک و لە گۆڕستانی رەحیماوا بمنێژن، چونکە ژیان و یادگاری منداڵی و هونەریم لەو شارە چەکەرەی کرد و دواجار لێی ئاوارەبووم!، بۆیە بە مەرگیش بێت حەز دەکەم بگەڕێمەوە کەرکووک.

.
.
.
.
.