ئەمەریکا: بوونی پەیوەندیی ئەمنی لەنێوان مۆسکۆ و پیۆنگیانگ نایاساییە

جەیک سولیڤان، راوێژکاری ئاسایشی نیشتیمانی ئەمریکا
جەیک سولیڤان، راوێژکاری ئاسایشی نیشتیمانی ئەمریکا

K24 - هەولێر

راوێژکاری ئاسایشی نیشتیمانی ئەمەریکا رایگەیاند، رووسیا دەیەوێت مووشەک و هاوکاری سەربازی لە کۆریای باکوورەوە دەستبخات و لە دژی ئۆکرانیا بەکاریانبهێنێت. ئاماژەی بەوەشدا، بوونی هەر پەیوەندییەکی ئەمنی لەنێوان مۆسکۆ و پیۆنگیانگ بەتایبەتیش سەبارەت بە پڕۆگرامی مووشەکی بالیستی، پێشێلکردنی یاسا و بڕیارەکانی ئەنجومەنی ئاسایشە.

جەیک سولیڤان، راوێژکاری ئاسایشی نیشتیمانی ئەمەریکا لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: "سەبارەت بە پەیوەندییەکانی نیوان رووسیا و کۆریای باکووری، بەتایبەتیش لەبواری تەکنەلۆجیا و سەربازی، وەک ئەوەی دەبینین رووسیا دەیەوێت مووشەک و هاوکاری سەربازی لە پیۆنگانگەوە بەدەست بخات و لە دژی ئۆکرانیا بەکاریانبهێنێت، هەروەک چۆن لە ئێرانەوە هاوکاری سەربازی دەستخستووە. ئەوە ئەو بابەتەیە ئێمە بە وریاییەوە سەرنجمان لەسەرە".

راوێژکاری ئاسایشی نیشتیمانی ئەمریکا لە درێژەی قسەکانیدا ئاماژەی بەوەش کرد: "رووسیا وەک ئەندامێکی هەمیشەیی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوەیەکگرتووەکان بەرپرسیارەتی زیاتری لەسەرشانە و دەبێت پابەندی دەستوور و بڕیارەکانی ئەنجوومەنەکە بێت، بوونی هەر پەیوەندییەکی ئەمنیش لەنێوان مۆسکۆ و پیۆنگیانگ پێشێلکردنی یاسا و بڕیارەکانی ئەنجومەنی ئاسایشە".

ئەمە لە کاتێکدایە رۆژی پێنجشەممە 21ـی تەممووزی 2023، کۆمیسیۆنی یەکێتیی ئەوروپا لە راگەیەندراوێکدا ئەوەی خستەڕوو، "بەهۆی کارەکانی رووسیا کە بوونەتە هۆی تێکچوونی سەقامگیریی ئۆکراینا، بڕیار دراوە سزاکانی سەر رووسیا کە لە 2014ەوە دەستیان پێ کردووە تا 31ی کانوونی دووەمی 2024 درێژ بکرێنەوە."

دوای هێرشی رووسیا بۆسەر ئۆکرانیا، یەکێتیی ئەوروپا سزاکانی بۆسەر رووسیا فراوانتر کرد، سزاکانی سەر رووسیا بە جۆرێک بەرفراوانن کە بازرگانیی، ئابووریی، پیشەسازیی، تەکنەلۆجیا، گواستنەوە و گەیاندن و بەرهەمە گرانبەهاکان دەگرێتەوە.

قەدەغەکردنی هاوردەکردنی نەوت و بەرهەمە نەوتییەکان لە رێگای دەریاییەوە لە رووسیاوە بۆ وڵاتانی ئەندام لە یەکێتیی ئەوروپا، دەرکردنی ژمارەیەک لە بانکە رووسییەکان لە سیستەمی نێودەوڵەتی “SWIFT” و هەڵپەساردنی چالاکییەکانی زۆرێک لە دامەزراوەکانی راگەیاندن لەنێو سزاکاندان.