سەرۆک بارزانی گەیشتە ئامێدی

کاتی گەیشتنی سەرۆک بارزانی بۆ ئامێدی
کاتی گەیشتنی سەرۆک بارزانی بۆ ئامێدی

K24 – هەولێر

کەمێک پێش ئێستا سەرۆک مەسعود بارزانی گەیشتە قەزای ئامێدی و لەگەڵ چین و توێژەکانی ئەو سنوورە کۆدەبێتەوە.

پەیامنێری کوردستان24 لە ئامێدی رایگەیاند، لە چوارچێوەی سەردانەکەیدا بۆ سنووری پارێزگای دهۆک، سەرۆک مەسعود بارزانی گەیشتە قەزای ئامێدی و لە لقی 18ی پارتی دیموکراتی کوردستان لەگەڵ کادیر و ئەندامانی پارتی و چین و توێژەکانی ئەو دەڤەرە کۆدەبێتەوە، سەرۆک بارزانی دەیەوێت لە نزیکەوە گوێ لە گرفت و داواکارییەکانی خەڵکی ناوچەکە بگرێت.

بەرەڤان حەمدی، بەرپرسی لقی 18ی پارتی دیموکراتی کوردستان لە ئامێدی بە کوردستان24ی گوت: "هاتنی سەرۆک بارزانی بۆ ئامێدی ئەوە دەگەیەنێت، کە ئەو دەڤەرە لای سەرۆک بارزانی بایەخی تایبەتی هەیە، بۆیە هەموو خەڵکی ئامێدی ئەمڕۆ حەز دەکەن بەشداری لە کۆبوونەوەی سەرۆک بارزانی بکەن، بێگومان هاتنی دەبێتە مایەی گۆڕانکاری لە رووی سەقامگیری و ئەنجامدانی پڕۆژەی زیاتر لەو سنوورە".

گوتیشی: "سەرۆک بارزانی لەگەڵ چین  و توێژەکانی ئامێدی کۆدەبێتەوە و گوێ لە گلەیی و گازاندەی خەڵک دەگرێت".

دوێنێ 18/8/2023، سەرۆک بارزانی لەگەڵ چین و توێژەکانی ئاکرێ کۆبووەوە و لە وتارێکدا سەرۆک بارزانی ئاماژەیدا "لە گفتوگۆکانماندا لەگەڵ بەغدا بەردەوامین و چاوەڕوانی جێبەجێکردنی رێککەوتنین بۆ پاراستنی ماف و شایستە داراییەکانی گەلی کوردستان و قەوارەی دەستووری لە چوارچێوەی دەستوور و بنەماکانی تەوافوق و شەراکەت و هاوسەنگی".