کۆنفرانسی ئابووری و بازرگانی لەنێوان هەرێمی کوردستان و ئێران لە سلێمانی بەڕێوەدەچێت

K24 – سلێمانی

بە ئامادەبوونی ژمارەیەک لە بەرپرسانی هەردوولا، بازرگان و خاوەنکاران، کۆنفرانسی ئابووری و بازرگانی لەنێوان هەرێمی کوردستان و ئێران لە سلێمانی بەڕێوەدەچێت.

پەیامنیری کوردستان24 لە سلێمانی رایگەیاند، ئەمڕۆ 19/8/2023، کۆنفرانست ئابووری و بازرگانی لەنێوان هەرێمی کوردستان و ئێران، دەستی بەکارەکانی کردووە و تا ئێوارە بەردەوام دەبێت.

مستەفا شێخ عەبدورەحمان، سەرۆکی یەکێتی هاوردە و ناردنکاران هەرێمی کوردستان لە وتارێکدا بەخێرهاتنی ئامادەبوانی کۆنفرانسەکەی کرد و گوتی: "دەمانەوێت پەیوەندی ئابووری نێوان هەرێمی کوردستان و کۆماری ئیسلامی ئێران بەهێزتر بکەین، کە ئێستا قەبارەکەی ساڵانە شەش ملیار دۆلارە".

جەختیکردەوە، وەکو یەکێتی هاوردە و ناردنکاران هەرێمی کوردستان ئامانجیانە پەیوەندییەکانیان لەگەڵ ئێران رۆژ دوای رۆژ بەرەو پێش ببەن و گوتی: "سنووری فراوانمان لەگەڵ ئێران هەیە و دەمانەوێت پەرە بە پەیوەندییە بازرگانییەکان بدەین".

مستەفا شێخ عەبدورەحمان، بە کوردستان24ی گوت: "ئامانجی سەرەکیمان لەو کۆنفرانسە ئەوەیە خاوەنکارانی هەرێمی کوردستان و ئێران گفتوگۆ بکەن، هەروەها داوامان لە خاوەن کارگەکانی ئێران کردووە، کارگەکانیان لە هەرێمی کوردستان بکەنەوە".

ئاماژەی بەوەشدا: "لە چوار چێوەی کۆنفرانسەکەدا لێکتێگەیشتنمان واژۆ کردووە".