کردەوە نایاساییەکانی حەشدی شەعبی سیستانی هێنایە دەنگ

کۆبوونەوەی سیستانی لەگەڵ ژمارەیەک هاووڵاتیی ناوچەی جادرییەی بەغدا | وێنە: نووسینگەی راگەیاندنی سیستانی
کۆبوونەوەی سیستانی لەگەڵ ژمارەیەک هاووڵاتیی ناوچەی جادرییەی بەغدا | وێنە: نووسینگەی راگەیاندنی سیستانی

K24 - هەولێر

سیستانی هەوڵی هەندێک لایەنی سەر بە حەشدی شەعبی بۆ دەستبەسەرداگرتنی زەویوزاری هاووڵاتییان لە ناوچەی جادرییەی بەغدا بە "نایاسایی" ناودەبات و دەڵێت، پێویستە ئەرکی دەسەڵاتدارەکان، پاراستنی موڵک، سامان و مافەکانی هاووڵاتییان بێت.

بەیانی ئەمڕۆ شەممە 19ـی ئابی 2023، عەلی سیستانی، مەرجەعی باڵای شیعەکانی عێراق لە شاری نەجەف، لەگەڵ ژمارەیەک لەو هاووڵاتییانەی ناوچەی جادرییەی بەغدا کۆبووەوە، کە لە ماوەی رابردوودا لە ڕێگەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە رایانگەیاندبوو، لەلایەن چەند لایەنێکی سەر بە حەشدی شەعبییەوە هەڕەشەیان لێ دەکرێت بۆ ئەوەی دەستبەرداری زەویوزارەکانیان ببن.

نووسینگەی راگەیەناندنی مەرجەعی باڵای شیعەکانی عێراق لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە کردووە، لە کۆبوونەوەکەدا سیستانی ئەو کردەوانەی حەشدی شەعبی بە "پێشێلکردنی یاسا و شەریعەت" لە قەڵەم داوە و جەختی کردووەتەوە لەوەی، "یەکێک لە گرنگترین ئەرکەکانی ئەو لایەنانەی پۆستی باڵایان هەیە و دەسەڵاتیان بەدەستەوەیە، پاراستنی موڵک و سامانی هاووڵاتییان و مافەکانیانە و، هەروەها رێگەگرتنە لەو کەسانەی دەیانەوێت لەڕێگەی تۆقاندن و هەڕەشەکردنەوە، دەستیان بەسەردابگرن".  

لە ماوەی چەند رۆژی رابردوودا ژمارەیەک هاووڵاتیی دانیشتووی ناوچەی جادرییەی بەغدا لە ڕێگەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و چاوپێکەوتنی تەلەڤزیۆنییەوە داوایان لە حکومەتی عێراق کرد، رێگە لەو لایەنانەی سەر بە حەشدی شەعبی بگرێت، کە هەوڵدەدەن لە ڕێگەی تۆقاندن و هەڕەشەکردنەوە، دەستبەسەر زەویزارەکانیاندا بگرن.

هەر لەبارەی رووداوەکەوە، رۆژی یەکشەممە 13ـی ئابی 2023، هیشام رووکابی، راوێژکاری سەرۆکوەزیرانی عێراق لە راگەیەندراوێکدا کە لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس (تویتەری پێشوو)، بڵاویکردبووەوە، رایگەیاند، پەڕاوی لێکۆڵینەوە بۆ رووداوەکە کراوەتەوە و سەرۆکوەزیران، وەزیری ناوخۆی بۆ لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە راسپاردووە.

لە ماوەی رابردوودا جەیک سولیڤان، راوێژکاری ئاسایشی نیشتیمانیی ئەمەریکا رایگەیاند، میلیشیا چەکدارەکانی نزیک لە ئێران، دەسەڵاتی دادوەری و پەرلەمان و چەند لقێکی دیکەی جێبەجێکردنیان لە عێراق کۆنترۆڵکردووە و سیستمی سیاسی وڵاتەکە بۆ بەرژەوەندی خۆیان قۆرغ دەکەن.

سولیڤان ئاماژەی بەوەشدا، بەپێی ئەوەی عێراق سێیەم گەورە وەبەرهێنەری نەوتە لە جیهان، بەو شێوازەش بەردەوامبێت وردە وردە لەناودەچێت و کاریگەری تەواویشی لەسەر ناسەقامگیربوونی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەگشتی، هەیە. ئاشکراشی کرد، ئەمەریکا ئەجێندایەکی فراوانی هەیە بۆ بەهێزبوونی بەغدا و سەربەخۆبوونی لە تاران.

بە گوێرەی ئامارە نافەرمییەکان، زیاتر لە 10 گرووپی میلیشیای چەکداری نزیک لە ئێران، لە ناوخۆی عێراق هەن و، کۆی گشتی ژمارەی ئەندامەکانیان نزیکەی 100 بۆ 150 هەزار چەکدار دەبێت.