لكیپ شه‌ڕه‌كه‌ی نێوان ئێمباپێ و ناسڕ خلێفی ئاشكرا ده‌كات

كلیان ئێمباپێ و ناسڕ خلێفی
كلیان ئێمباپێ و ناسڕ خلێفی

ڕۆژنامەی "لكیپ"ـی فه‌ره‌نسا وردەکارییەکانی نێو كۆبوونه‌وه‌ گرژ و ئاڵۆزه‌كه‌ی نێوان کیلیان مباپێی و ناسر خلێفی بۆ یه‌كه‌مجار ئاشكرا ده‌كات كه‌ له‌ رۆژی 8ـی ئه‌م مانگه‌ دیداره‌كه‌یان ئه‌نجام دا.

سه‌رچاوه‌كه‌ نووسیویه‌تی: ناسر خلێفی سه‌رۆكی پاریس سانجێرمان به‌ توڕه‌ییه‌وه‌ به‌ ئێمباپێی گوتووه‌: ئێمه‌ هه‌رگیز وازناهێنین و ته‌سلیم نابین و تۆ جارێکی دیکە یاریی بۆ پاریس ناکەیتەوە.

ئێمباپێ له‌ وه‌ڵامدا گوتویه‌تی: ده‌یبینم؟ بەڵام چی دەبینم، تۆ تاکە سەرۆک دەبیت فشار له‌سه‌ر من دروست ده‌كه‌یت بۆ ئه‌وه‌ی یاریی نه‌كه‌م.

دیداری ئاڵۆزی نێوان ئێمباپێ و خلێفی لەکاتێکدا بووه‌ ئێمباپێ خۆی ئامادە دەکرد بۆ بەشداریکردن لە یارییەکەی پاریس سانجێرمان و تۆلۆز لە خولی فەرەنسا، دوای ئەوەی ڕێگری لێکرا بەشداری لە یه‌كه‌مین یاریی پاریس له‌ خوله‌كه‌ بكات.

توڕەیی نێوان مباپێ و پاریس سانجێرمان له‌وكاته‌وه‌ سەریهەڵدا، یاریزانەکە لە مانگی حوزەیرانی ساڵی رابردوو كارگێری یانه‌كه‌ی ئاگادار كردبووه‌وه‌ ئاماده‌نییه‌ تا هاوینی 2025 بڕگەی نوێکردنەوەی گرێبەست لەگەڵ یانەکە کارا بكات.

پاشان قسه‌كانی ئێمباپێ له‌ مانگی حوزه‌یرانی ئه‌مساڵ هێندەی تر پاریسی توڕە كرد كاتێك ڕایگەیاند کە نایەوێت لەم هاوینەدا بڕوات، ئەمەش مانای ڕۆیشتنی بەخۆڕاییە لە کۆتایی گرێبەستەکەی له‌ هاوینی 2024.

ناسر خلێفی، سەرۆکی یانەی پاریس سانجێرمان لە وەڵامدا گوتی: مەحاڵە ڕێگە بدرێت باشترین یاریزانی جیهان بە خۆڕایی بڕوات.

دوای ئەوەش پاریس سانجێرمان ئێمباپێی لە بەشداریکردن لە گەشتی ئاسیا دوورخستەوە و ڕێگری لێکرد لەگەڵ یاریزانانی تیپی یەکەم مەشق و ڕاهێنان بکات، پێش ئەوەی لە لیستی تیپەکە دووربخرێتەوە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی لۆریێنت.

مباپێی تەمەن 24 ساڵ، لە هاوینی 2022 نزیک بوو په‌یوه‌ندی به‌ ریال مه‌درید بكات و به‌ گرێبه‌ستێكی خۆڕایی خه‌ونی منداڵی بێنێته‌ دی، بەڵام پاریس سانجێرمان سەرکەوتوو بوو لە ڕازیکردنی ئێمباپێ بۆ نوێکردنەوەی گرێبه‌سته‌كه‌ی تا هاوینی 2024، له‌گه‌ڵ زیادكردنی بڕگەیەک ڕێگە بە یاریزانەکە دەدات گرێبەستەکەی تا ساڵی 2025 درێژ بکاتەوە.

ئێمباپێ لە ساڵی 2017 بە خواستن لە یانەی مۆناکۆوە پەیوەندی بە یانەی پاریس سانجێرمانەوە کرد، دواتر دوای ساڵێک بە 180 ملیۆن یۆرۆ بە شێوەیەکی هەمیشەیی ڕووی لە یانەی پاریس سانجێرمان کرد.

ئێمباپێ لە 260 یاریدا لەگەڵ پاریس 212 گۆڵی کردووه‌ له‌گه‌ڵ 98 ئاسیست و گۆڵکاری مێژوویی یانه‌كه‌شه‌، پێنج وه‌رزه‌ له‌سه‌ریه‌ك خه‌ڵاتی گۆڵكاری خولی فه‌ره‌نسا ده‌باته‌وه‌.