هەڵگورد شێخ نەجیب: رێژەی سەردانی زیارەتکاران بەراورد بە ساڵی رابردوو زیادیکردووە

هەڵگورد شێخ نەجیب، سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران
هەڵگورد شێخ نەجیب، سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران

K24 – هەولێر:

سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، رایدەگەیەنێت، حکومەتی هەرێمی کوردستان ئامادەکاری تەواوی بۆ پێشوازیکردن لە زیارەتکاران کردووە و هەروەها رێژەی سەردانی زیارەتکاران بەراورد بە ساڵی رابردوو زیادیکردووە، گوتیشی: کۆمەڵێک لیژنە بۆ پێشوازیکردن لە زیارەتکاران لە دەروازەی نێودەوڵەتی حاجی ئۆمەران پێکهاتوون.

هەڵگورد شێخ نەجیب، سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، تایبەت بە کوردستان24ـی راگەیاند، ئەمە بۆ ساڵی دووەمە ئەم زیاراتکارانە لە رێگەی دەروازەی حاجی ئۆمەرانەوە سەردانی شوێنە پیرۆزەکانیان لە خوارووی عێراق دەکەن، "ئێمە پار ساڵ بۆ پێشوازیکردن لە زیارەتکاران یەکەم ئەزموونمان بوو، هەروەها لە دواین سەردانمان بۆ ئێران کە لەگەڵ وەزیری ناوخۆی ئێران و پارێزگاری ورمێ و کۆبوونەوەمان ئەنجامدا، ئەوان زۆر سوپاسی حکومەتی هەرێمی کوردستانیان کرد، بەهۆی ئەوەی لە ساڵی یەکەم توانیمان بە شێوەیەکی رێک و پێک پێشوازی لە زیارەتکاران بکەین و بەڕێیان بکەین بۆ شوێنە پیرۆزەکانیان".

هاوکات راشیگەیاند، حکومەتی هەرێمی کوردستان ئامادەکاری تەواوی بۆ پێشوازیکردن لە زیارەتکاران کردووە، ئەمساڵ ئامادەکاریەکان باشتر بەڕێوەچوونە و کەموکوڕییەکانی پار ساڵ چارەسەر کراوە و کۆمەڵێک لیژنە بۆ پێشوازیکردن لە زیارەتکاران پێکهاتوون، کە خۆی دەبینێتەوە لە لیژنەی تەندروستی، پێشوازی، ئەمن و ئاسایش، بۆ کارئاسانی زیاتر بۆ زیارەتکاران.

ئاماژەی بەوەشدا، ئەمساڵ رێژەی سەردانی زیارەتکاران بەراورد بە ساڵی رابردوو زیادیکردووە، هەروەها زیارەتکاران لە شێوازی پێشوازیکردنی ئەمساڵ زۆر رازینە.

سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، ئەوەشی خستەڕوو، ئەمساڵ لە خاڵی سنووری لە رێگەی دانانی ستافی زۆر و چەند وێستگەیەک وامانکردووە کارەکان خێراتر بڕوات، دوو وێستگەی سەرەکیمان دروستکردووە، یەکێکیان لە دەروازەی حاجی ئۆمەران کاتێ کە زیارەتکاران گەشتنە ئەوێ بۆ ئەوەی بتوانن پشووێک بدەن و لەوێوە بەڕێبکرێن، وێشتگەیەکیش لە پاریزگای هەولێرە بۆ ئەوەی کە گەشتنە ئەوێ پشوو وەربگرن، دوو وێسگەی لاوەکیشمان هەیە یەکێکیان لە کانی مارانە، یەکێکی دیکەشیان لە کۆتا خاڵی سنووری هەرێمی کوردستانە.

هەڵگورد شێخ نەجیب، گوتی: خواردن، شوێنی حەوانەوە و پاسی هاتوچۆشمان دابین کردووە بۆ زیارەتکاران بە هاوبەشی لەگەل دەزگای خێرخوازی بارزانی، هاوکات دەزگای خێرخوازی بارزانی رۆڵێکی سەرەکی لە هاوکاریکردنی زیارەتکاران هەیە.

ئەمەش لە کاتێکدایە، ئەمڕۆ سەید محەممەد میر ئەحمەدی، جێگری وەزیری ناوخۆ و سەرۆکی دامەزراوە پیرۆزەکانی ئێران، بە یاوەریی کونسوڵی گشتی ئێران لە هەولێر، سەردانی خاڵی سنووری حاجی ئۆمەرانی کرد و لە لێدوانێکدا بۆ کوردستان24 سوپاسی دەسەڵاتدارانی هەرێمی کوردستانی کرد بۆ ئەو هاوکاری و ئامادەکارییانەی لەو خاڵە سنوورییە بۆ زیارەتکارانی چله‌ی ئیمامی حوسێن دابینیانکردووە ،کە بە نیازن بەرەو کەربەلا بچن.

رۆژی (18ـی ئابی 2023)، ته‌یفوور محه‌ممه‌د، په‌یامنێری كوردستان24 له‌ سۆران رایگه‌یاند، بۆ به‌شداریكردن له‌ چله‌ی ئیمام حوسێن، به‌پێی ئه‌و رێككه‌وتنه‌ی نێوان لایه‌نی ئێرانی و هه‌رێمی كوردستان، هاتنی زیاره‌تكاران‌ له‌ ده‌روازه‌ی حاجی ئۆمه‌رانه‌وه‌، له‌وێشه‌وه‌ بۆ شاره‌كانی دیكه‌ی عێراق ده‌ستیپێكرد.