کەمبوونەوەی هاوکارییە نێودەوڵەتییەکان ژیانی پەنابەرانی سووریای لە هەرێمی کوردستان سەختکردووە

ژمارەیەک لە پەنابەرانی رۆژئاوا لە کەمپی دۆمیز - وێنە: ئەرشیف
ژمارەیەک لە پەنابەرانی رۆژئاوا لە کەمپی دۆمیز - وێنە: ئەرشیف

K24 – هەولێر:

بەهۆی کەمبوونەوەی هاوکارییەکانی رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان و نەتەوەیەکگرتووەکان بەهۆی سیاسەتەکانی وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراقەوە، ژیان و گوزەرانی پەنابەرەکانی رۆژئاوای کوردستان و سووریا لە هەرێمی کوردستان سەختکردووە.

زیاتر لە 11 ساڵە ژمارەیەکی زۆر لە پەنابەرانی رۆژئاوای کوردستان و سووریا لە کەمپەکانی ھەرێمی کوردستان دەژین و بەھۆی بەردەوامبوونی ناسەقامگیری و ناجێگیری دۆخی ئاسایش و ئابووری لە ناوچەکانی خۆیان، تائێستا ناتوانن بگەڕێنەوە و بەهۆی کەمبوونەوەی رێژەی هاوکاری و بەرنامە مرۆییەکانی نەتەوەیەکگرتووەکان لە ھەرێمی کوردستان، دۆخی ژیانیان سەختتر بووەتەوە.

ئاژانسی ئەنادۆڵ لە بەدوادچوونێکدا بۆ دۆخی ژیانی پەنابەرانی رۆژئاوای کوردستان و سووریا لە کەمپەکانی هەرێمی کوردستان، ئاماژەی بەوەکردووە کە بەهۆی کەمبوونەوەی چالاکی و هاوکارییەکانی رێکخراوەکانی نەتەوەیەکگرتووەکان، دۆخی ژیانیان زەحمەتبووە و پێویستیان بە هاوکاری زیاتر هەیە.

هاوکات بەشێک لە پەنابەرەکان ئاماژەیان بەوەشکردووە، بەهیوای ئەوەن دۆخی ئەمنی و ئابووری و ئاوەدانی لە ناوچەکانی خۆیان لە رۆژئاوای کوردستان و سووریا باشتربێت و بتوانن بگەڕێنەوە بۆ سەر زێد و ژیانی خۆیان و جەختیان لەسەر ئەوەشکردووەتەوە، تا چارەسەرکردنی کێشە سیاسییەکان و کۆتاییهاتنی چالاکی گرووپە چەکدارییەکان لەو ناوچانە ناتوانن بگەڕێنەوە بۆ ناوچەکانی خۆیان لە رۆژئاوای کوردستان و سووریا.

هەرچەندە جەنگی رووسیا و ئۆکرانیا کاریگەری هەبووە لەسەر کەمبوونەوەی پێشکەشکردنی هاوکارییەکان لەلایەن رێکخراوەکانی نەتەوەیەکگرتووەکان، لەگەڵ ئەوەشدا، بەهۆی ئەو سیاسەتەی وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراقی پەیڕەوی دەکات بەرامبەر کەمپی ئاوارە و پەنابەرەکان لە هەرێمی کوردستان، دۆخی دانیشتووانی کەمپەکانی زیاتر سەخت کردووە.

 لە دەستپێکی ئاڵۆزی سیاسیی و جەنگی ناوخۆیی لە سووریالە ساڵی 2011، هەزاران خێزان لە ناوچە جیاوازەکانی رۆژئاوای کوردستان و سووریا پەنایان بۆ ھەرێمی کوردستان ھێنا و بەشێکیان لە کەمپەکان و بەشێکی دیکەشیان لە ناو شارەکاندا دەژین، کە بەهۆی بوونی رێکخراوە چەکدارییەکانی نزیک لە پەکەکە و چەندین رێکخراوی دیکەی چەکداری و خراپی دۆخی ئەمنی و ئابووری ناوچەکانیان، نەگەڕاونەتەوە بۆ زێدی خۆیان.

بە گوێرەی ئامارە فەرمییەکان، 245 هەزار و 688 پەنابەری رۆژئاوای کوردستان و سووریا لە هەرێمی کوردستان دەژین و هەروەها حەوت هەزار و 821 پەنابەری باکووری کوردستان و تورکیا و هەشت هەزار و 168 پەنابەری رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران و 618 پەنابەری فەڵەستینی و 881 پەنابەری هەڵگری رەگەزنامەی جۆراوجۆر و زیاتر لە 600 هەزار ئاوارەی ناوخۆییش لە هەرێمی کوردستان دەژین.

لەو ژمارەیەشدا، 30%ـی ئاوارە و پەنابەرەکان لەناو کەمپەکاندا دەژین کە ژمارەیان 36 کەمپە لە ناوچە جیاوازەکانی هەرێمی کوردستان و لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە، پێداویستییە سەرەتاییەکانی ژیان و ئەمنیەت و خزمەتگوزارییە گشتییەکانیان بۆ دابینکراوە.