لوتکەی ئەمەریکا و کۆریای باشوور و ژاپۆن بەڕێوەچوو؛ "هەڕەشەکانی کۆریای باکوور لە هەموو کاتێک زیاتربوون"

ئاڵای ژاپۆن (راست)، کۆریای باشوور (ناوەڕاست) و ئەمەریکا (چەپ)
ئاڵای ژاپۆن (راست)، کۆریای باشوور (ناوەڕاست) و ئەمەریکا (چەپ)

K24 - هەولێر

ئەمەریکا، کۆریای باشوور و ژاپۆن رێککەوتن لەبەرامبەر هەڕەشەکانی چین و کۆریای باکوور پەرە بە پەیوەندی و هەماهەنگی ئابووری و ئەمنی نێوانیان بدەن. بایدن دەڵێت، ئازایەتی سیاسی کۆریای باشوور و ژاپۆن نیشانەیە بۆ ئەوەی هەوڵی چارەسەرکردنی کێشە گەورەکان دەدەن. سەرۆک وەزیرانی ژاپۆنیش رایدەگەیەنێت، هەڕەشە ئەتۆمی و مووشەکییەکانی پیۆنگیانگ لە هەموو کاتێک زیاتر بوون.

لوتکەی ئەمەریکا، کۆریای باشوور و ژاپۆن لە کامپ دەیڤل لە ئەمەریکا بەرێوەچوو. لە بەرامبەر هەڕەشەکانی چین و کۆریای باکوور، هەرسێلا پابەندبوونی خۆیان بۆ فراوانکردنی هەماهەنگییە ئابووری و ئەمنییەکانی نێوانیان دووپاتکردەوە. جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمەریکا رایگەیاند، ئامانجی سەرەکی لوتکەکە بۆ پەرەپێدان بوو بە پەیوەندیی و هەماهەنگییەکانمان.

سەرۆکی ئەمەریکا لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا گوتیشی: "ئەو ئازایەتییە سیاسییەی ئێوە (کۆریای باشوور و ژاپۆن) نیشانتاندا نیشانەیە بۆ هەوڵدان بۆ چارەسەرکردنی ئەو کێشە گەورانەی ماوەیەکی درێژە لەسەر رێی پەیوەندییەکانی ئەمەریکا و کۆریای باشوور و ژاپۆندا دروستبوون. ئامانجی سەرەکی لوتکەکە لەسەر چین نەبوو، بەڵام لە کۆتاییشدا پرسی چین باسکرا. ئەمەش بەو مانایە نییە سەبارەت بە هەڕەشە و مەترسییەکانی چین لە ناوچەکە نیگەران نین، بەڵکوو ئامانجی سەرەکی لوتکەکە بۆ فراوانکردنی پەیوەندی و هەماهەنگی نێوانمان بوو."

یون سوک یۆڵ، سەرۆکی کۆریای باشوور ئاماژەی بەوەدا، پابەندن بەوەی ویستەکانیان بکەنە کردار و هەماهەنگی نێوانیان زیاتر بکەن و گوتی: "ئێمە هەرسێ سەرۆک لە لوتکەکەدا، جەختمان لە کردنەوەی بەشێکی نوێ لە هەماهەنگی و هاوکاری سێ قۆڵیمان کردەوە. لە کامپ دەیڤل لەسەر بنەماکانی هەماهەنگی سێقۆڵیمان رێککەوتین و پابەندین بەوەی ویستەکانمان لە هەماهەنگی نێوانمان بکەینە کردار."

فومیۆ کیشیدا، سەرۆک وەزیرانی ژاپۆن ئاشکرایکرد، هەڕەشە ئەتۆمی و مووشەکییەکانی کۆریای باکوور لە هەموو کاتێک زیاتر بوون و لەم سەردەمەشدا پەرەپێدان بە هەماهەنگی ستراتیژی نێوانیان پێویستە.

سەرۆک وەزیرانی ژاپۆن رایگەیاند: "هەوڵی تاکلایەنە بۆ گۆڕینی ئەو راستییەی لە رۆژهەڵات و باشووری دەریای چین هەیە بەردەوامە و هەڕەشە مووشەکی و ئەتۆمییەکانی کۆریای باکووریش بە بەراورد بە رابردوو لە هەموو کاتێک زیاتر بوون. لەژێر ئەم بارودۆخەدا هەماهەنگی ستراتیژی سێقۆڵی نێوانمان دەبیت زیاتر پەرەی پێبدرێت."

لوتکەی ئەمەریکا، کۆریای باشوور و ژاپۆن لەکاتێدایە، هەڕەشەکانی چین لە ناوچەکە زیاتر بوون و کۆریای باکووریش دەیەوێت مووشەکی دیکەی بالیستی تاقیبکاتەوە. ئەوەش بووەتە هۆی نیگەرانی ئەمەریکا و هاوپەیمانەکانی لە ناوچەکە.