چوار گەشتیاری ئیتاڵی لە ئەلبانیا دەبنە هۆی شەرمەزارکردنی سەرۆکوەزیرانی وڵاتەکەیان

جۆرجیا مێلۆنی، سەرۆکوەزیرانی ئیتاڵیا و هاوتا ئەلبانییەکەی، ئێدی راما
جۆرجیا مێلۆنی، سەرۆکوەزیرانی ئیتاڵیا و هاوتا ئەلبانییەکەی، ئێدی راما

K24 - هەولێر:

چوار گەشتیاری ئیتاڵی لە شاری بێراتی ئەلبانیا لە رێستۆرانتێک نان دەخۆن و دواتر بەبێ پارەدان، رێستۆرانتەکە بەجێدەهێڵن و ئەم رووداوەش دەبێتە هەواڵی گەرمی میدیا ناوخۆییەکانی ئەلبانیا.

جۆرجیا مێلۆنی، سەرۆکوەزیرانی ئیتاڵیا لە چەند رۆژی رابردوودا لەسەر بانگهێشتی ئێدی راما، سەرۆکوەزیرانی ئەلبانیا سەردانی ئەلبانیای کردوە و کاتێک هەواڵی چوار گەشتیارە ئیتاڵییەکەی بیستووە، بە باڵیۆزی وڵاتەکەی لە ئەلبانیا گوتووە: "تکایە، بڕۆ و پارەی ئەو گەمژانە بدە".

بە گوێرەی هەواڵێكی وێبسایتی BBC، بڕی پارەی نانخواردنی گەشتیارە ئیتاڵییەکان 87 دۆلار بووە.

باڵیۆزخانەی ئیتاڵیا لە تیرانای پایتەختی ئەلبانیا لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند، پارەی نانخواردنی گەشتیارە ئیتاڵییەکان لەلایەن جۆرجیا مێلۆنییەوە دراوە.

ئاماژەی بەوەشدا، ئیتاڵییەکان رێز لە یاساکان دەگرن و قەرزی خۆیان دەدەنەوە، راشیگەیاند، "هیوادارین رووداوی هاوشێوەی ئەمە روونەداتەوە".

وەزیری کشتوکاڵی ئیتاڵیا و زاوای سەرۆکوەزیرانی ئیتاڵیا، فرانسیسکۆ لۆلۆبریجیدا، کە لەگەڵ جۆرجیا مێلۆنی بوو لە ئەلبانیا، بە ئاژانسی رۆیتەرزی راگەیاند، پارەدانەکە وەک شکۆیەکی نیشتمانی سەیردەکرێت.