سەرۆک بارزانی گەیشتە زاخۆ

سەرۆک بارزانی گەیشتە زاخۆ
سەرۆک بارزانی گەیشتە زاخۆ

K24 - هەولێر

سەرۆک بارزانی گەیشتە زاخۆ و بڕیارە لەگەڵ چین و توێژە جیاوازەکانی ئەو شارە و دەوروبەری کۆببێتەوە و گوێ لە ڕاوبۆچوون، دواکاری، سەرنج و گلەییەکانیان بگرێت.

لە چوارچێوەی سەردانەکەی بۆ دەڤەری بادینان، بەیانی ئەمڕۆ یەکشەممە 20ـی ئابی 2023، سەرۆک بارزانی گەیشتە بارەگای لقی هەشتی پارتی دیموکراتی کوردستان لە ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ و دواتر لە هۆڵی (بەڕێوەبەرایەتی هونەری و رۆشنبیری زاخۆ) لەگەڵ زیاتر لە هەزار و 500 کەس لە چین و توێژە جیاوازەکانی ئەو شارە کۆدەبێتەوە و گوێ لە داواکاریی و سەرنج و تێبینییەکانیان دەگرێت.

حەکیم پیرۆ، کارگێڕی لقی هەشتی پارتی دیموکراتی کوردستان لە زاخۆ بە کوردستان24ـی راگەیاند: "ئەمڕۆ ڕۆژێکی گرنگ و مێژووییە بۆ ئێمە وەکو خەڵکی زاخۆ بەهۆی هاتنی سەرۆک بارزانی بۆ شارەکەمان. زاخۆ و سەرۆک بارزانی دوو شتن، کە هەرگیزی لە یەکتر جیانابنەوە و چەندین جار سەرۆک بارزانی گوتوویەتی 'زاخۆ دڵ و گیانمە' کە ئەمە بە هیچ دەڤەرێکی دیکەی نەگوتووە. هاوکات لە بەرامبەردا خەڵکی ئەم دەڤەرەش ئەو قسەیەی سەرۆک بارزانیی بە گرنگ زانیوە".

حەکیم پیرۆ ئاماژەی بەوەش دا: "سەرۆک بارزانی لەگەڵ چین و توێژە جیاجیاکانی زاخۆ؛ کاسبکار، بنەماڵەی سەربەرزی شەهیدان و پێشمەرگە دێرینەکان، رێكخراوە جەماوەرییەکان، زیندانیانی سیاسی و پەکەوتوو، کە ژمارەیان زیاتر لە هەزار و 500 کەس دەبێت، کۆدەبێتەوە. هاووڵاتییان گلەیی و گازندە و داواکارییەکانیان دەگەیەننە سەرۆک بارزانی و ئەویش بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ وەڵامیان دەداتەوە".

بە گوتەی ئەو بەرپرسەی لقی هەشتی پارتی لە زاخۆ، "جاری یەکەم نییە سەرۆک بارزانی سەردانی زاخۆ دەکات، بەڵام ئەو شتەی ئەم سەردانە لە سەردانەکانی دیکە جیادەکاتەوە، بەشداربوونی کاسبکارانە لە کۆبوونەوەکەدا، چونکە زۆرینەی ئەوانەی ئەمڕۆ چاویان بە سەرۆک بارزانی دەکەوێت، کاسبکارن، ئەوانەی داهاتی مانگانەیان نییە و رۆژانە بژێوی ژیانیان پەیدادەکەن".

ئامانجی سەردانی سەرۆک بارزانی بۆ دەڤەری بادینان

رۆژی شەممە 19ـی ئابی 2023، هێمن هەورامی، ئەندامی مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان، بە کوردستان24ـی راگەیاند، سەردانی سەرۆک بارزانی بۆ دەڤەری بادینان، پارێزگای دهۆک، ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ، قەزای ئامێدی و ئاکرێ بۆ ئەوەیە تا لە نزیکەوە گوێبیستی بیروبۆچوونی خەڵکی ناوچەکە و چین و توێژە جیاوزەکان بێت.

هێمن هەورامی راشیگەیاند، لە هەموو کۆبوونەوە و دیدارەکانی سەرۆک بازانی گوتوویەتی، "من دەمەوێت کەمتر قسە بکەم و زیاتر گوێم لە ئێوە بێت، ئەمەش لە چوارچێوەی تەواوی بایەخی سەرۆک بارزانییە بۆڕای هاووڵاتییان، چونکە جەنابیان هەمیشە پێمان دەڵێت، کە لە خزمەتی هاووڵاتییان دابین و راستەوخۆ پەیوەندیمان لەگەڵ هاووڵاتییانی خۆمان هەبێت و کادیرەکانمان نزیکی هاووڵاتییان بن و خزمەتکاری هاووڵاتییان بن".