فڕۆکەیەکی بێ فڕۆکەوانی ئۆکرانیا وێستگەیەکی شەمەندەفەری کردە ئامانج

ئەو شوێنەی کراوەتە ئامانجی فڕۆکە بێفڕکەوانەکەی ئۆکرانیا
ئەو شوێنەی کراوەتە ئامانجی فڕۆکە بێفڕکەوانەکەی ئۆکرانیا

K24 - هەولێر

بەپێی گوتەی پارێزگاری ناوچەکە، فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی ئۆکرانی کە وێستگەیەکی شەمەندەفەری لە شاری کۆرسکی رۆژئاوای رووسیا کردە ئامانج، لە ئەنجامدا پێنج کەس برینداربوون

ئەمڕۆ یەکشەممە، رۆمان ستارۆڤۆیت پاریزگاری شاری کۆرسک لە تەلەگرام رایگەیاند، "هێرشێکی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ئۆکرانی لە کۆرسک روویداوە، دەشڵێت: "بەپێی زانیارییە سەرەتاییەکان، فڕۆکەکە لەسەربانی بینای وێستگەکە کەوتووەتە خوارەوە، دوای ئەوە شوێنە ئاگری لێکەوتووەتەوە".

ئاماژەی بەوەشکردووە، "پێنج کەس بەهۆی پارچە شووشەکانی پەنجەرەکانەوە بە سوکی برینداربوون و فریاگوزاری سەرەتاییان بۆ کراوە".

کورسک تەنیا نزیکەی 90 کیلۆمەتر لە سنووری نێوان رووسیا و ئۆکرانیا دوورە.

لای خۆیەوە، سێرگی سۆبیانین، سەرۆکی شارەوانی مۆسکۆ رایگەیاند، فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوان هەوڵیداوە بەرەو مۆسکۆ بڕوات، بەڵام هێرشەکە پووچەڵکراوەتەوە، لەلایەن هێزەکانی بەرگری ئاسمانییەوە رێگری لێکراوە.

لە مانگی شوباتی ساڵی رابردووەوە رووسیا هێرشی سەربازی کردە سەر ئۆکرانیا، تاوەکو ئێستا هیچ ئامارێکی فەرمی زیانەکانی نێوانییان بڵاو نەکراوەتەوە.