پاکستان... بەهۆی تەقینەوەی بۆمبێکی چێندراو ژمارەیەک کرێکار گیانیان لەدەستدا

ئەرشیف، گواستنەوەی تەرم لەپاکستان
ئەرشیف، گواستنەوەی تەرم لەپاکستان

K24 - هەولێر

بەهۆی تەقینەوەی بۆمبێکی چێندراو لە پاکستان 11 کرێکار گیانیان لەدەستدا، پۆلیسیش دەڵێت: تاوەکو ئێستا هیچ گروپێک بەرپرسیارەتی خۆی لە تەقینەوەکە رانەگەیاندووە.

ئەنوەر ئەلحەق کاکار، سەرۆکوەزیرانی پاکستان بە وەکالەت ئەمڕۆ یەک شەممە، لە پلاتفۆرمی X پێشتر بە تویتەر ناسرابوو، رایگەیاند، لە هێرشێکدا لە باکووری رۆژئاوای پاکستان 11 کرێکار کوژراون.

بەگوێرەی ئاژانسی رۆیتەرز، بەرپرسانی ئەمنی و پۆلیسی پارێزگای خەیبەر باختونخوا لە باکووری پاکستان رایانگەیاندووە، بەهۆی تەقینەوەی بۆمبێکی چێندراو، کە بووەتە هۆی وەرگەڕانی بارهەڵگرێک کە کرێکارانی دەگواستەوە بۆ شوێنی پڕۆژەی بیناسازی لە وەزیرستان لە نزیک سنووری ئەفغانستان.

ئەفسەرێکی پۆلیسی باکووری وەزیرستان گوتی: کاریان لەسەر پۆستێکی سەربازی دەکرد کە لە قۆناغی دروستکردندا بوو، لەو کاتەدا تەقینەوەیەک لە ژێر ئۆتۆمبێلێک کە کرێکارانی هەڵگرتبوو تەقیەوە و 11 کرێکار گیانیان لەدەستدا، ئاماژەی بەوەشکرد، تا ئێستا هیچ گروپێک بەرپرسیارێتی تەقینەوەکەیان لە ئەستۆ نەگرتووە.