ئەحمەد سەحاف بۆ کوردستان24: ئەم هەفتەیە هاکان فیدان سەردانی عێراق دەکات

ئەحمەد سەحاف، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی عێراق
ئەحمەد سەحاف، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی عێراق

K24 – بەغدا:

گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی عێراق رایگەیاند، وەزیری دەرەوەی تورکیا رۆژی چوارشەممە (23ـی ئابی 2023) سەردانی عێراق دەکات.

رۆژی یەکشەممە (20ـی ئابی 2023)، ئەحمەد سەحاف، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی عێراق بە کوردستان24ـی راگەیاند، رۆژی چوارشەممە، هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا سەردانی بەغدا دەکات و تاوتوێی پەیوەندییەکانی نێوان بەغدا و ئەنقەرە و دۆسییە هاوبەشەکانی نێوان هەردوولا لەگەڵ بەرپرسانی باڵای عێراق دەکات.

ئەحمەد سەحاف گوتیشی، وەزیری دەرەوەی تورکیا سەردانی عێراق دەکات و لەگەڵ فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق کۆدەبێتەوە، لە کۆبوونەوەکەیاندا تاوتوێی پەیوەندی نێوان هەردوو وڵات دەکەن، هەروەها گفتوگۆ دەربارەی پرسی ئەمنی هاوبەش بۆ پاراستنی ئاسایشی ناوچەکە دەکەن و پێداچوونەوەش بە گرنگترین دەرفەتە هاوبەشەکاندا دەکرێت.

هاوکات گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی عێراق گوتیشی، پرسی ئاو و بەشەئاوی عێراق یەکێکە لەو دۆسیانەی لەسەر مێزی گفتوگۆکان دەبێت لە نێوان هەردوو وڵاتدا، وەزارەتی دەرەوە و تەواوی لایەنەکانی دیکە رۆڵی خۆیان لەم پرسەدا دەبینن و بە قوڵی رۆشنایی دەخرێتە سەر ئەم بابەتە.

هەروەها گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی عێراق راشیگەیاند، هەمیشە ئیدانە و سەرکۆنەی ئەو کردەوە تاکلایەنانەمان کردووە کە دەبنە مایەی زیانی مرۆیی و ماددی و شکۆی عێراق دەکەنە ئامانج و ئەم پرسەش لەگەڵ وەزیری دەرەوەی تورکیا تاوتوێ دەکرێت.

ئەحمەد سەحاف گوتیشی، "هەڵوێستی وەزارەتی دەرەوەی عێراق هەمیشە روون بووە، ئێمە هەمیشە ئیدانە  و سەرکۆنەی هەموو ئەو کارە تاکلایەنانە دەکەین کە شکۆی عێراق بکەنە ئامانج، بەبێ ئەوەی هەماهەنگی لەگەڵ حکومەت و وەزارەتی دەرەوەدا بکرێت،  ئەم کردەوە تاکلایەنانە زیانی مرۆیی و ماددی لێدەکەوێتەوە، ئەمەش هەڵوێستێكی روونی وەزارەتی دەرەوەی عێراق دەردەخات و هەمیشەش جەختی لێدەکەینەوە".

رۆژی (3ـی ئابی 2023) ئه‌حمه‌د سه‌حاف، گوته‌بێژی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی عێراق رایگه‌یاند، فوئاد حوسێن، جێگری سه‌رۆكوه‌زیران و وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی عێراق پێشوازی له‌ عه‌لی ره‌زا گونه‌ی، باڵیۆزی توركیا له‌ عێراق كردووه‌ و باسیان له‌ سه‌ردانییه‌كه‌ی هاكان فیدان، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی توركیا بۆ عێراق له‌نیوه‌ی دووه‌می ئه‌م مانگه‌دا كردووه‌.

هەروەها رۆژی (5ـی ته‌مموزی 2023) فوئاد حوسێن، جێگری سه‌رۆكوه‌زیران و وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی عێراق له‌میانی به‌شداریكردنی له‌ كۆبوونه‌وه‌ی وزاری وڵاتانی بزووتنه‌وه‌ی بێلایه‌ن كه‌ كاره‌كانی له‌ باكۆی پایته‌ختی ئازربایجان بەڕێوەچوو، چاوی به‌ هاكان فیدان، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی توركیا كه‌وت.