وەزارەتی پەروەردە ئاسانکاری بۆ ئەو مامۆستایانە دەکات کە نەخۆشی شێرپەنجەیان هەیە

وەزارەتی پەروەردە
وەزارەتی پەروەردە

K24 – هەولێر:

وەزارەتی پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە نووسراوێکدا رایگەیاندووە، ئەو مامۆستایانەی نەخۆشی شێرپەنجەیان هەیە دەتوانن داوای گواستنەوە بۆ سەنتەری شارەکان بکەن و شەش بەشەوانەشیان کەمدەکرێتەوە.

لە نووسراوێکدا کە ئاراستەی بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەکانی پەروەردەی پارێزگاکان و ئیدارە سەربەخۆکان و خوێندنی کوردی لە کەرکووک کراوە و واژۆی ئالان حەمەسەعید، وەزیری پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستانی لەسەرە، جەخت لە ئاسانکارییەکان بۆ ئەو مامۆستایانەی نەخۆشی شێرپەنجەیان هەیە، کراوەتەوە.

لە نووسراوەکەدا هاتووە، "سەبارەت بەو مامۆستایانەی نەخۆشی شێرپەنجەیان هەیە و لە قۆناغی وەرگرتنی چارەسەریدان، بەو مەرجەی راپۆرتی پشتڕاستکراوی لیژنەکانی تەندروستی تایبەت بە شێرپەنجەیان لە نەخۆشخانەکانی (نانەکەلی) لە هەولێر و (هیوا) لە سلێمانی و (ئازادی) لە دهۆک پەسەندکراویان پێبێت و لەدوای دەرچوونی ئەو گشتاندنە نوێکرابێتەوە، دەتوانن بگوازرێنەوە بۆ ناوەندەکانی خوێندن لە سەنتەری شارەکان بە مەبەستی نزیکیان لە نەخۆشخانەکانی تایبەت بە چارەسەری".

وەزیری پەروەردە لە نووسراوەکەدا ئاماژەی بەوەشکردووە، بەڕێوەبەرایەتی گشتیی پەروەردەی پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان، بەبێ رەچاوکردنی ساڵانی خزمەت بیانگوازنەوە سەنتەری شارەکان.

هەروەها جەخت لەسەر ئەوەشکراوەتەوە، لە هەمانکاتیشدا، شەش بەشەوانەیان لە کۆی ئەو بەشەوانانەی بەپێی یاسا و رێنماییەکانی وەزارەت بۆیان دانراوە، کەمبکرێتەوە.

نووسراوەکەی وەزارەتی پەروەردە بە ژمارە (353) لە (17ـی ئابی 2023) دەرچووە و لەگەڵ گەیشتنی بە بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەکانی پەروەردە، چووەتە بواری جێبەجێکردنەوە.

نووسراوەکەی وەزارەتی پەروەردە
نووسراوەکەی وەزارەتی پەروەردە