ئێران خاوەن ئەو نوسینگەیەی دەستگیرکرد کە شوقەیەکی بەسەگێک فرۆشت

K24 - هەولێر

ئاژانسی فرانس پرێس بڵاویکردەوە، پۆلیسی ئێران بەڕێوەبەرێکی نوسینگەیەکی فرۆشتنی خانووبەرەی بە تۆمەتی تێکدانی بەها ئەخلاقییەکان، بەهۆی فرۆشتنی شوقەیەک بە سەگێک دەستگیرکرد.

پۆلیسی تاران بە ئاژانسی هەواڵی ناوخۆیی ئیسنای راگەیاند، "دوای بڵاوبوونەوەی گرتەیەکی ڤیدیۆیی کە تیایدا نوسینگەیەکی خانووبەرە لە رۆژئاوای تاران گرێبەستێک بۆ فرۆشتنی شوقەیەک بە سەگێک واژۆ دەکات، لێکۆڵینەوەیان کردووە".

گرتە ڤیدیۆیەک کە بە خێرایی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاوبووەوە، دەردەکەوێت ژن و مێردێک شوقەیەک بۆ سەگەکەیان چێستەر دەکڕن بەهۆی ئەوەی میراتگریان نییە.

سەگە سپییە بچووکەکە کە لەسەر مێزی بریکارەکەی نوسینگەی خانووبەرە وەستابوو، ژنەکە گرێبەستەکەی بە مۆرکردنی پەنجەی سەگەکە واژۆ دەکات.

ماڵپەڕی "میزان ئۆنلاین"ی سەر بە دادگا، لە زاری ڕەزا تەبر، جێگری داواکاری گشتی لە تاران بڵاویکردەوە، "پۆلیس بەرپرسی ئەو نوسینگەیەی دەستبەسەر کردووە و بە فەرمانی دادگا نووسینگەکەی داخراوە"، ئاماژەی بەوەشکردووە، "هیچ بنەمایەکی یاسایی نییە بۆ ئەو کارەی کە ئەم نوسینگەی خانووبەرە ئەنجامیداوە"، هەروەها بەڕێوەبەری نوسینگەکەی تۆمەتبارکرد بە تێکدانی بەها ئەخلاقیەکانی کۆمەڵگا.

سەگ لە ئێران بە ئاژەڵێکی ناپاک دادەنرێت، بەڵام یاسا خاوەندارێتییەکەی قەدەغە ناکات، تادێت ژمارەی ئێرانییەکانی چینی ناوەراست و سەرەوە، ئاژەڵەکانی ماڵی رادەگرن و بەخێویان دەکەن، کە زۆربەی سەگ و پشیلەن .