دۆناڵد ترەمپ: بەشداری دیبەیتی هەڵبژاردنە سەرەتاییەکان ناکەم چونکە ئەمەریکیەکان باش دەمناسن

K24 - هەولێر

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی پێشووی ئەمەریکا دووپاتی کردەوە، کە بەشداری ناکات لە دیبەیتی هەڵبژاردنە سەرەتاییەکانی کۆمارییەکان کە لە ڕۆژی چوارشەممەوە دەستپێدەکات، بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە ئەمریکییەکان بە باشی دەیناسن و پێویست ناکات ڕووبەڕووبوونەوەی گشتی لەگەڵ هیچ کام لە ڕکابەرەکانی لە کێبڕکێی کۆشکی سپیدا هەبێت .

لە پەیامێکدا لە پلاتفۆرمی تروس سۆشیاڵی خۆیدا، ترەمپ ستایشی ئەو سەرکەوتنانەی خۆی کرد، کە  بەدەستی هێناوە کاتێک سەرۆک کۆمار بووە، هەروەها بە پیتی گەورە نووسیویەتی “بۆیە بەشداری لە دیبەیتەکاندا ناکەم"!.

ترەمپ ئاماژەی بەوەشکردووە، "خەڵک دەزانن من کێم و چ خولێکی سەرکەوتووی سەرۆکایەتیم کردووە، بە سەربەخۆیی وزە، سنوورە بەهێزەکان و سەربازی، کەمکردنەوەی باج کە تا ئێستا گەورەترین کارە، هەڵاوسانی سفر، بەهێزترین ئابووری لە مێژوودا، و زۆر شتی تر، بۆیە من بەشداری مشتومڕەکان ناکەم!.

ترەمپ لە پۆستەکەیدا ئاماژەی بە دوایین راپرسی کرد، کە رۆژی یەکشەممە بڵاوکرایەوە، ڕاپرسییەکە لە کەناڵی سی بی ئێس نیوز ئەنجامدراوە، دەریدەخات 62%ی بەشداربووان دەنگ بە دۆناڵد ترەمپ دەدەن، سەرەڕای ئەوەی ئەمساڵ چوار تۆمەتی رووبەرووکراوەتەوە، لەوانە تۆمەتبارکردنی بەوەی هەوڵی تێکدانی دیموکراسی ئەمەریکا دەدات بە پیلانگێڕی بۆ هەڵوەشاندنەوەی ئەنجامی هەڵبژاردنەکانی ساڵی 2020 و مانەوەی لە دەسەڵاتدا سەرەڕای دۆڕانەکەی، لە بەرامبەر جۆو بایدن.

بەگوێرەی ڕاپرسییەکەی کەناڵی سی بی ئێس نیوز، ترەمپ بە 46 خاڵ پێشەنگی لە نزیکترین ڕکابەرەکەی، ڕۆن دیسانتیس، پارێزگاری فلۆریدا هەیە، بە ڕێژەی 16%.