بایدن هەڵمەتێکی بۆ کەمکردنەوەی گرژییەکانی نێوان ئێران و ئەمەریکا دەستپێکردووە

جۆو بایدن، سەرۆکی ئەمەریکا | وێنە: AP
جۆو بایدن، سەرۆکی ئەمەریکا | وێنە: AP

K24 - هەولێر

سەرۆکی ئەمەریکا بەنیازە لە ڕێگەی کەمکردنەوەی گرژییەکانی وڵاتەکەی لەگەڵ کۆماری ئێسلامیی ئێران، جارێکی دیکە هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی بباتەوە، کە وا بڕیارە لە مانگی کانوونی یەکەمی 2024 بەڕێوەبچن.

جۆو بایدنی سەرۆکی ئەمەریکا بە مەبەستی دووبارە سەرکەوتن لە هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتیی ئەمەریکا، هەڵمەتێکی بۆ کەمکردنەوەی گرژییەکانی نێوان ئێران و ئەمەریکا دەستپێکردووە. حکومەتی بایدن لە چوارچێوەی ئەم هەڵمەتەدا هەوڵ دەدات دەسەڵاتدارانی ئێران ڕازی بکات، درۆنی خۆتەقێن و پارچەی یەدەگی ئەم درۆنانە هەناردەی ڕووسیا نەکەن و لە بەرانبەریشدا ئەمەریکا گەمارۆی نوێ نەخاتە سەر ئێران.

ڕۆژنامەی تێلگرافی بەریتانی لە ڕاپۆرتێکدا ئاشکرایکردووە، جۆو بایدن بۆ سەرکەوتن لە هەڵبژاردنەکانی داهاتووی سەرۆکایەتی وڵاتەکەی، هەڵمەتێکی بۆ کەمکردنەوەی گرژییەکانی نێوان ئەمەریکا و ئێران دەستپێکردووە و بەشێک لەو هەڵمەتە، لۆبیکردنە بۆ ئەوەی تاران هەناردەی درۆن بۆ رووسیا ڕابگرێت.

بە پێی ڕاپۆرتەکە، هەوڵەکانی حکومەتی بایدن بۆ کەمکردنەوەی گرژییەکان لەگەڵ ئێران بەشێک لە رێککەوتنێکی نافەرمیی بەربڵاوە کە کەمبوونەویە گرژییەکانی نیوان ئێران و ئیسرائیلیش لەخۆ دەگرێت. هەروەها حکومەتی بایدن بە شوێن کۆمەڵێک سازش و رێککەوتن سەبارەت بە پیتاندنی یۆرانیۆمی ئێرانەوەیە و ڕەنگە سەپاندنی گەمارۆی نوێ لەسەر کۆماری ئیسلامیی ئێرانیش رابگرێت.

چەند ڕۆژ پێشتر ڕۆژنامەی فاینانشناڵ تایمز لە ڕاپۆرتێکدا بە پشتبەستن بە لێدوانی چەند سەرچاوەیەکی ئاگادار نووسیبووی، کۆشکی سپی گوشاری خستووەتە سەر ئێران بۆ ئەوەی فرۆشتنی درۆنی خۆتەقێن و پارچەی یەدەگی ئەم درۆنانە بە ڕووسیا ڕابگرێت و ئاماژەی بەوەش کردووە ئەم داواکارییە بەشیکە لە دانوستانەکان بۆ لێکتێگەیشتنێکی نەنووسراو و بەربڵاو لە نێوان واشنتۆن و تاراندا.

فاینانشناڵ تایمز نووسیبووی گفتوگۆ لەسەر درۆنەکانی ئێران لە پەڕاوێزی دانوستانەکان بۆ ئالوگۆڕی زیندانییەکانی دوو وڵات هاتووەتە ئاراوە.

ئەم ڕاپۆرتانە سەبارەت بە هەوڵەکانی حکومەتی بایدن بۆ ڕازیکردنی ئێران بە نەناردنی درۆن بۆ رووسیا لە کاتێکدایە کە ئێران ڕەتیدەکاتەوە لە ماوەی سەرهەڵدانی شەڕی رووسیا و ئوکراینادا درۆنی هەناردەی رووسیا کردبێت و لەلایەکی دیکەشەوە ڕاپۆرتە هەواڵگرییەکان باس لەوە دەکەن ڕووسیا کارگەیەکی گەورەی بۆ بەرهەمهێنانی درۆنی ئێرانی لە ناو خاکی خۆیدا دروستکردووە و لەمەودوا خۆی ئەم درۆنانە بەرهەم دێنێت.