هەیبەت حەلبووسی: ئامێرەکانی پاڵاوگەی بێجی لە لایەن بازرگانێکەوە کڕابوون و دوای مردنی بۆ دەوڵەت گەڕێندرانه‌وه‌

K24 - هەولێر:

سەرۆکی لیژنەی نەوت و گازی پەرلەمانی عێراق، رایده‌گه‌یه‌نێت، ئامێرەکانی پاڵاوگەی بێجی لە لایەن بازرگانێکەوە کڕابوون و دوای مردنی، خێزانەی ئامێرەکانیان بۆ دەوڵەت گەڕاندەوە.

هەیبەت حەلبووسی، سەرۆکی لیژنەی نەوت و گازی پەرلەمانی عێراق، بە کوردستان24ـی راگەیاند، ئامێرەکانی پاڵاوگەی بێجی لە لایەن بازرگانێکەوە کڕابوون و دوای مردنی ئه‌و بازرگانه‌، خێزانەی ئامێرەکانیان بۆ دەوڵەت گەڕاندەوە.

ئاماژەی بەوەشکرد، حکومەتی هەرێمی کوردستان و پارتە سیاسییەکان بە هیچ شێوەیەک ئاگاداری ئەم بابەتە نەبوون و بازرگانەکە بە پارەی شەخسی خۆی ئامێرەکانی کڕیبوو.

حەلبووسی گوتیشی: "برای ئەو کەسەی ئامێرەکانی پاڵاوگەی بێجی کڕیبوو، پەیوەندی بە ئێمەوە کرد و هاتە لامان، ئه‌و کە ئامێرەکانی کڕیبوو، وەسیەتی کردبوو ئامێرەکان بگەڕێندرێنەوە بۆ دەوڵەت، ئەوانیش دوای ئەوەی زانیان ئامێرەکانی پاڵاوگەی بێجین، بۆ دەوڵەتیان گەڕاندەوە.

گوتیشی: "حکومەتی هەرێمی کوردستان و پارتە سیاسییەکان بە هیچ شێوەیەک ئاگاداری ئەم بابەتە نەبوون، ئەو ئامێرانە لە چەند کۆگایەکی دەوروبەری هەولێر هەڵگیرابوون، ئەو کەسەی ئامیرەکانیشی گەڕاندەوە خۆی گوتی کە هیچ پەیوەندییەکی بە پارتەکانەوە نییە و ئەو بازرگان بووە و بە پارەی شەخسی خۆی کڕیوویەتی".