ئێران پارە بلۆککراوەکانی وەردەگرێتەوە

K24 - هەولێر

بەگوێرەی زانیارییەکانی ئاژانسی ھەواڵیی "Yonhap" ئێران پارە بلۆککراوەکانی لە کۆریای باشوور وەردەگرێتەوە.

ئاژانسەکە لە زاری ژمارەیەک سەرچاوە بێ ئەوەی ناویان ئاشکرا بکات بڵاوی کردووەتەوە، بانکی ناوەندیی سویسرا، پارە بلۆککراوەکانی ئێرانی لە دراوی وۆن گۆڕیوە بۆ یۆرۆ.

بە گوتەی سەرچاوەکان "پارە بلۆککراوەکانی ئێران بە یۆرۆ لەلایەن بانکی سویسرا حەواڵەی کۆریای باشوور دەکرێتەوە، بۆ ئەوەی بدرێتەوە بە تاران".

تا ئێستا ھیچ راگەیەندراوێکی فەرمیی لەلایەن کۆریای باشوور و بانکی ناوەندیی سویسرا لەوبارەیەوە بڵاونەکراوەتەوە.

رۆژی ھەینی رابردوو، ئێران رایگەیاندبوو، لە چوارچێوەی رێککەوتنی ئاڵوگۆڕی بەندکراوان لەگەڵ ئەمەریکا، 10 ملیار دۆلار لە پارە بلۆککراوەکانی تاران لە کۆریای باشوور و عێراق، ئازاد کراون.

پێشتر ئاژانسی ھەوڵی فەرمی ئێران بڵاوکردبوویەوە کە بەپێی رێککەوتنەکەی نێوان ئێران و ئەمەریکا لەبارەی ئاڵوگۆڕی بەندکراوان، تاران پێنج بەندکراوی ئەمەریکی ئازاد دەکات و لەبەرامبەردا، واشنتن پێنج بەندکراوی ئێرانی ئازاد دەکات.