سەرۆکوەزیرانی کەنەدا لەسەر جیابوونەوە لە هاوسەرەکەی بێدەنگی شکاند

جەستن ترۆدۆ و سۆفی گریگۆری هاوسەری
جەستن ترۆدۆ و سۆفی گریگۆری هاوسەری

K24 - هەولێر

لە دوای جیابوونەوەی لە هاوسەرەکەی، جەستن ترودۆ، سەرۆکوەزیرانی کەنەدا تاوەکو ئێستا بێدەنگی هەڵبژاردووە، بەڵام ئەمڕۆ ئەو بێدەنگیەی شکاند و باسی منداڵەکانیشی کرد.

لە دوای ئەوەی لەم مانگەدا جەستن ترودۆ، جیابوونەوەی لە هاوسەرەکەی سۆفی گریگۆر ترودۆ راگەیاند، گوتی: "لە ئێستادا سەرنجی لەسەر منداڵەکانی و داهاتوویانە".

ئەمە قسانەش لە دوای ئەوە هات کە ترودۆ لە پشوویەکی خێزانی لە ناوچەی زەریای هێمن لە کۆڵۆمبیاى بەریتانی گەڕایەوە.

ترودۆ دەڵێت: "10 رۆژم لەگەڵ خێزانەکەدا هەبوو کە بەڕاستی دەرفەتێکی باش بوو، بۆ ئەوەی سەرنجم لەسەر منداڵەکان بێت و لەسەر ژیان و پێکەوە بەردەوامبوون لە ژیاندا".

ترودۆ ئامادەنەبوو وەڵامی پرسیارێک بداتەوە سەبارەت بەوەی ئێستا هەستی چۆنە و هیچ وردەکارییەکی لەبارەی جیابوونەوەکە روون نەکردەوە، هەروەها سوپاسی ئەو کەسانەشی کرد کە پشتگیریان کردووە. گوتیشی: بەڕاستی دەمەوێت سوپاسی کەنەدیەکان بکەم کە زۆر بەخشندە بوون لە رێزگرتن لە تایبەتمەندیەکانمان.

لە 2ی ئابدا نووسینگەی ترودۆ پشتڕاستی کردبووەوە کە ترۆدۆ و هاوسەرەکەی بە رێککەوتنی یاسایی جیابوونەوەیان واژۆ کردووە، بەڵام پێشتر بە ئاشکرا باسی ئەم بابەتە نەکرابوو.

سەرۆک وەزیرانی کەنەدا لە راگەیەندراوێکدا دەڵێت: "من و سۆفی پێمان خۆشە باسی ئەوە بکەین کە دوای چەندین گفتوگۆی سەخت، بڕیاری جیابوونەوەمان داوە، وەک هەمیشە خێزانێکی نزیک دەمێنینەوە و خۆشەویستییەکی قووڵمان بۆ یەکتر هەیە"، بۆیە داواکارین کە رێز لە تایبەتمەندیەکانمان بگرن.

ترودۆی تەمەن 51 ساڵ، لە مانگی ئایاری 2005 لەگەڵ سۆفی گریگۆری تەمەن 48 ساڵ، کە پێشکەشکاری پێشووی تەلەفزیۆنی بوو هاوسەرگیری کرد، بەڵام دوای 18 ساڵ لە ژیانی هاوسەرگیری جیابوونەوە.

ترودۆ و گریگۆری، سێ منداڵیان هەیە کە زێڤیار تەمەن 15 ساڵ و  ئیلا گرەیس تەمەن 14 ساڵ و هادریان تەمەن 9 ساڵانن.