ئێران بۆ ئەمەریکا: پێویستە رێککەوتنی ئاڵوگۆڕی بەندكراوەكان لەکاتی خۆیدا جێبەجێبکرێت

ناسر كەنعانی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران | وێنە: AP
ناسر كەنعانی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران | وێنە: AP

K24 - هەولێر

گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران دەڵێت، دەبێت لەماوەی دوو مانگدا رێككەوتنی ئاڵوگۆڕی بەندكراوەكانیان لەگەڵ ئەمەریكا جێبەجێ بكرێت. ھیواش دەخوازێت جێبەجێكردنی رێككەوتنەکە دەرگا بۆ گفتوگۆ لەسەر پرسەكانی دیكەش بكاتەوە.

رۆژی دووشەممە 21ـی ئابی 2023، ناسر كەنعانی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا لەبارەی رێککەوتنەکەیان لەگەڵ ئەمەریکا بۆ ئاڵوگۆڕکردنی بەندکراوەکان و ئازادکردنی پارە بلۆککراوەکەی ئێران، رایگەیاند: "ماوەی دیاریكراو بۆ جێبەجێكردنی ئەو رێككەوتنە پێشتر راگەیەندراوە، ئەوپەڕی  دوو مانگە. لەسەر ئەو بنەمایە رێككەوتووین كە لەو ماوەیەدا ئاڵوگۆری بەندكراوەكان لەگەڵ ئەمەریكا بكرێت".

گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران جەخت لەوە دەکاتەوە کە "نابێ زۆر گوێ لە لێدوانە رۆژنامەوانییەكانی دیكە و ئەو زانیاریانەی بڵاودەكرێنەوە بگرین. ئێستا پرۆسەكە بەباشی به‌ره‌وپێش ده‌چێت و ھیوادارین لەو ماوە دیاریكراوەدا رێككەوتنەكە جێبەجێ بكرێت و ئاڵوگۆری بەندكراوەكان لەگەڵ ئەمریكا كۆتایی پێ بێت".

كۆماری ئیسلامی ئێران وەکو ئەوەی ناسر کەنعانی ئاماژەی پێ دا، "لە بەرەو پێشوەچوونی پرۆسەكە گەشبینین و بەردەوامیش دەبین. ھیواداریشین جێبەجێكردنی دەرگا بۆ گفتوگۆ لەسەر پرسەكانی دیكەش بكاتەوە".

رۆژی ھەینی رابردوو 18ـی ئابی 2023، وەزارەتی دەرەوەی ئێران رایگەیاندبوو، لە چوارچێوەی رێککەوتنی ئاڵوگۆڕی بەندکراوان لەگەڵ ئەمەریکا، 10 ملیار دۆلار لە پارە بلۆککراوەکانی تاران لە کۆریای باشوور و عێراق ئازاد کراون.

پێشتر ئاژانسی ھەوڵی فەرمی ئێران بڵاوکردبووەوە، بەپێی رێککەوتنەکەی نێوان ئێران و ئەمەریکا لەبارەی ئاڵوگۆڕی بەندکراوان، تاران پێنج بەندکراوی ئەمەریکی ئازاد دەکات و لەبەرامبەردا، واشنتن پێنج بەندکراوی ئێرانی ئازاد دەکات.